پشکنینی کۆرۆنا لە هەرێم دەستی پێکرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1567‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ستیپێكردووه‌و وه‌زاره‌تی نه‌ندروستیش ئاشكرایده‌كات، كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمارنه‌كراوه‌.


به‌پێی راگه‌یاندراوێكی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا  به‌ ئامێری پێشكه‌وتوو لە فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانی دەستیپێکردوه‌ و پابه‌ندن به‌ رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵگری ئه‌و ڤایرۆسه‌ بێت، رەوانە ئەو شوێنە دەکرێتەوە کە لێوەی هاتووە.

دکتۆ محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی له‌وباریه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات، رێکارەکەیان بەپێی ستانداردی جیهانییە و بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ناسراو به‌ کۆرۆنای چینه‌، دەستیان بە پشکنین و ڕێکاری خێرا کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە هەرێمی کوردستان.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ئه‌مڕۆ رێكارێكی نوێ گیراوه‌ته‌ به‌ر دژی  ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌ویش له‌ فڕۆكه‌خانه‌ و سنوره‌كان، به‌ ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ وڵاتی چین و وڵاتانی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ریمی كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌كی پشكنینی چڕ دیاریكراوه‌و له‌‌مڕۆوە ده‌ست به‌كاربوون". 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوونی ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ هه‌رێم ده‌ستنیشانكراوه‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێك له‌ هه‌رێم تۆمار نه‌كراوه‌و ده‌زگا و فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌ وردی چاودێری ئه‌و نه‌خۆشانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure