دواڕۆژ زانیاری لەبارەی تەرمە نەناسراوەکەی پێنجوێن ئاشکرا دەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 4406‌ جار بینراوە

دواڕۆژ – راپۆرتی رێبین حەسەن

دوای ئەوەی لە 24 كاتژمێری رابردوودا، تەرمێكی نەناسراو لەنزیك گوندی سیاگوێز، كە دەكەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان، دۆزرایەوە، بۆ یەكەمجار، ناسنامە و هۆكاری گیانلەدەستدانەكەی لەدواڕۆژەوە، ئاشكرادەكرێت.

 

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە،  ناوبراو ناوی (ئەیاد دڵشاد)ە و دوای ئەوەی لەوڵاتی ئێران پاسپۆڕتەكەی غەرامەی زۆر دەكرێت و هیچ پارەی پێ نامێنێت، دێتەوە شاری مەریوان، بەڵام رێگای نییە بێتەوە باشوری كوردستان، چونكە پاسپۆڕتەكەی لێ سەنراوە.

لەوبارەیەوە،  غەنی كەریم، ئەو شوانەیە كە لەنزیك گوندی سیاگوێزەوە، تەرمەكەی دۆزیەوە و دواتر هێزەكانی پۆلیسی ناحیەی گەرمكی لێ ئاگادار كردەوە، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئێوارەی رۆژی 27ی ئەم مانگە، وەك هەر رۆژێكی تر سەرقاڵی كاركردنی خۆم بووم و مەڕو ماڵاتەكەم لە لەوەڕ دەبردەوە بۆ ماڵەوە لەگوندەكەمان، بەڵام لەو كاتەدا، لەدوورەوە بینیم كە تارمایەك لەناو بەفرەكەدا بوو.

وتیشی: كاتێك چوومە پێشەوە بینیم كە تەرمێك لەوێدا كەوتووە، منیش راستەوخۆ پەیوەندیم كرد بەپۆلیسی گەرمكەوە و دوای چەند كاتژمێرێك هاتنە شوێنەكە و دەستیان بەلێكۆڵینەوە كرد و نەمانزانی كە ناسنامەكەی كوێیە و چی كارەیە و پۆلیس وتیان دەست بەلێكۆڵینەوە دەكەین.

هاوكات ئاراس كەریم، گەنجێكی دانیشتوی قەزای پێنجوێنە و پێش چەند رۆژێك لەگەڵ ئەیاد بووە لەشاری مەریوانی رۆژهەڵات، بۆ دواڕۆژ، باسی لەرووداوەكە كرد و رایگەیاند: ئەیاد، دوای ئەوەی پێش چەند رۆژێك سەردانی وڵاتی ئێران دەكات، لەوێ بەچەند هۆكارێك، پاسپۆڕتەكەی غەرامەی زۆر دەكرێت و هیچ پارەی پێ نامێنێت، دواتر دێتەوە مەریوان، بەڵام رێگای نییە بێتەوە باشوری كوردستان، چونكە پاسپۆرتەكەی لێ سەنراوە، و خەڵكی قەزای شەقڵاوەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ناوبراو لەمەریوان لای چەند كەسێك كە پێنجوێنی دەبن، داوای هاوكاری دەكات و دەڵێت هیچ پارەم پێ نەماوە و سێ رۆژە نانم نەخواردووە، خەریكە دەمرم لەبرسا، گەنجە پێنجوێنیەكان پارەی پێدەدەن و نانی بۆ دەكڕن و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ شاری بانە، هەتا لەوێوە لەمەرزە لاوەكیەكانەوە بەبێ پاسپۆرت بێتەوە باشوری كوردستان، هەر بۆیە لەبانەوە رێگای چەمپاراو و سیاگوێز، دەگرێتە بەر كە رێگایەكی لاوەكی و قاچاخە و خەڵك هاتوچۆی لێ دەكەن و دوای ئەوەی دەگاتە چەمپاراو، رێگەی شاخەكان دەگرێتەبەر، چونكە نەشارەزایە و تەنها و بێ كەسە، لەو كاتەشدا بەفر و كڕێوە دەبێ و سیاگوێز ناوچەیەكی زۆر سەختە، بەفر و سەرما و برسیەتی تەنگی پێ هەڵ دەچنن و كەسیرە دەبێت، هێز و توانای لێدەبڕێت و دەكەوێت.

پێ دەچێ شەویش بوبێت، بۆیە هەر لەو شاخە گیانی دەردەچێت.

روونیشیكردەوە: دواتر ئاژەڵ و گیانداری كێوی بەشێكی جەستەی دەخۆن و دەیشێوێنن، دوای چەند رۆژێك شوانێك دەیبینێتەوە و بەشی بنكەی پۆلیسی ناحیەی گەرمك ئاگادار دەكات و ئەوانیش دەیهێننە نەخۆشخانەی پێنجوێن و بە مۆبایلی ئێمە تێلی كردبوو بۆ براكەی و مۆبایل و هەموو شتێكی خۆی فرۆشتبوو، چونكە پارەی لێ بڕابوو.

هاوكات لوقمان لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: درەنگانێكی شەوی رابردوو، تەرمی ئەو هاووڵاتیە نەناسراوە، هێنرایە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكەمان، كە لەلایەن شوانێكەوە پۆلیس ئاگاداركرابوەوە لەبوونی تەرمەكە، لەسنووری گوندی سیاگوێزی سەر بە ناحیەی گەرمكی قەزای پێنجوێن، 

ناوبراو، وتیشی: ئەوەی تێبینی كراوە تەمەنی ئەو كەسە، لەنێوان 35 بۆ 40 ساڵدایەو جوتێك كالەی سوری لەپێدایەو رەسمی تاتۆیەك لەسەر سنگیەتی و هەندێ پارەی ئێرانی لەگیرفانیدا بووە و دوای پشكنینی بەشی دادی نەخۆشخانەكەمان دەركەوت كە ئاژەڵی دڕندە بەشێكی زۆر لەشی خواردووە و مێژووی مردنەكەی لەنێوان 48بۆ 72 كاتژمێردایە.

لەلایەكی تریشەوە بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، لەئێستادا و لەلایەن بنكەی پۆلیسی گەرمك دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامە و تەرمەكەش لەپزیشكی دادی سلێمانیە و لەساردکەرەوەدایە.

پێداچونەوە:ئەڤین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure