بۆچى خه‌ڵكى بێ توانا ده‌بنه‌ سه‌ركرده‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

تۆماس چامۆرۆى پسپۆڕ له‌ بوارى ده‌روونناسیدا ده‌ڵێت ئاماره‌كان پێمان ده‌ڵێن مرۆڤى بێتوانا ئاسانتر ده‌گه‌نه‌ پۆسته‌كانى سه‌ركردایه‌تى له‌ كۆمه‌ڵگادا. ئه‌م نموونانه‌ زیاتر له‌ پیاودا ده‌بینرێت به‌ به‌راورد به‌ ژنان.


مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ڕاستیدا به‌م شێوه‌یه‌یه‌: باشترین رێگه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندنى خه‌ڵك به‌وه‌ى كه‌ تۆ باشترین كه‌سیت ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا خۆت بخه‌ڵه‌تێنیت.

ئه‌و زانا ده‌روونناسه‌ ده‌ڵێت سه‌رنجڕاكێشترین مه‌سه‌له‌ له‌م بواره‌دا په‌یوه‌ندى نێوان جێنده‌ر و كه‌سایه‌تى و سه‌ركردایه‌تیه‌. به‌ دیاریكراویتر ره‌گه‌زى كه‌سه‌كه‌ و كه‌سایه‌تیه‌كه‌ى شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و سه‌ركرده‌مان بۆ دیارى ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش له‌ڕێى خۆیانه‌وه‌ كاریگه‌ر له‌سه‌ر رێكخراوه‌كان دروست ده‌كه‌ن. به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهانى هێشتا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئافره‌ت وه‌كو پێویست نه‌چووه‌ته‌ سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌. به‌ڵام كێشه‌ گه‌وره‌تره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ زوربه‌ى سه‌ركرده‌كان كه‌سانى نالێهاتوون. سه‌ركرده‌ى بێتوانا و ناشایسته‌ له‌ بواره‌كانى كار و سیاسه‌تدا كاریگه‌رى خراپ دروست ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كارمه‌ند و ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانیان. له‌ ئه‌نجامدا متمانه‌ و به‌رهه‌م و به‌شداریكردن كه‌مده‌بنه‌وه‌ و بێزاریى گوشار و ماندوویه‌تى زیاد ده‌بن.

ئێستا ئه‌گه‌ر له‌ گوگڵدا سێرچێ بكه‌یت بۆ وشه‌ى به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ت پێ نیشان ده‌دات: شێت، خراپ، نه‌فام، تووڕه‌، نه‌زان، به‌بڕوبیانوو و تادوایى.

كه‌واته‌ پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ نییه‌ بۆچى ژنانى زیاتر له‌ سه‌ركردایه‌تیدا نین به‌ڵكو پرسیاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچى پیاوه‌ نالێهاتووه‌كان ده‌گه‌نه‌ سه‌ركردایه‌تى.

ده‌روونناسه‌كان سێ هۆكاریان داناوه‌ بۆ لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌:
1- ناتوانین متمانه‌ و لێهاتوویى لێك جیابكه‌ینه‌وه‌: واته‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌سێك كه‌ متمانه‌ى به‌ خۆى بێت تواناى سه‌ركردایه‌تیكردنى زیاترى هه‌یه‌. به‌ڵام راستییه‌كه‌ شتێكى تره‌ و په‌یوه‌ندییه‌كى زۆر لاواز هه‌یه‌ له‌نێوان متمانه‌ و لێهاتوویدا.

2- خۆشویستنى كاریزما: ئێمه‌ى مرۆڤ هه‌میشه‌ خه‌ڵكى سه‌رنجڕاكێش و خاوه‌ن كاریزمامان خۆش ده‌وێت. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ دیجیتاڵه‌شدا هه‌ر هه‌یه‌ و بگره‌ به‌هێزتره‌ له‌ جاران. له‌ڕاستیدا مرۆڤى سه‌ركه‌وتوو زیاتر له‌وه‌ى كاریزما بێت كه‌سێكى بێ فیزه‌، بێ فیزییه‌ك كه‌ هه‌ندێك جار ده‌بێته‌ مایه‌ى بێزاریى.

3- به‌رگه‌نه‌گرتنى مرۆڤى خۆپه‌رست و نه‌رجسى: ئێمه‌ زۆر سه‌رسامین به‌ كه‌سه‌ به‌ناوبانگ و نه‌رجسییه‌كان، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى كه‌ ته‌نیا به‌س له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌ناوبانگن خۆشمان ده‌وێن. ئه‌م خۆ په‌رستى و به‌بچووك ته‌ماشاكردنه‌ى ده‌وروبه‌ر وا له‌ سه‌ركرده‌كان ده‌كات پێیان وابێت سه‌ركردایه‌تیكردن مافى خۆیانه‌ و له‌م روانگه‌یه‌وه‌ بێویژدانانه‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن و سه‌ركێشانه‌ ده‌چنه‌ ناو مه‌ترسى و ئه‌زموونه‌ ترسناكه‌كانه‌وه‌.
 
بۆ رێگرتن له‌وه‌ى مرۆڤى ناشایسته‌ و بێتوانا نه‌گاته‌ ده‌سه‌ڵات پێویسته‌ په‌یڕه‌وى له‌و ئامۆژگاریى و رێنماییانه‌ بكه‌ین كه‌ خه‌سڵه‌ته‌ باشه‌كانمان نیشان ده‌ده‌ن، ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ى كه‌ سه‌ركرده‌ى باش  و راسته‌قینه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن. جیاوازییه‌كى زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ى سه‌ركرده‌كان كه‌ هه‌یانه‌ و دڵبه‌سته‌مان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌دا كه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ركرده‌ى راسته‌قینه‌دا هه‌بن. له‌برى ئه‌وه‌ى بكه‌وینه‌ داوى كه‌سانى نه‌رجسى و خاوه‌ن كاریزما پێویسته‌ هانى ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ین كه‌ پاك و بێ فیز و به‌توانان. به‌ په‌یڕه‌وكردنى ئه‌م رێكاره‌ ژنان زیاتر پۆسته‌كانى رابه‌رایه‌تى و به‌ڕێوه‌بردنیان ده‌ست ده‌كه‌وێت چونكه‌ ئافره‌ت له‌ڕووى لێهاتوویى و بێ فیزیى و ده‌ستپاكییه‌وه‌ له‌ پیاو باشتره‌.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure