لەبارەی خستنە ئامادەباشی هێزەکەیانەوە لیوای یەکی پێشمەرگە روونکردنەوە دەدات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 2464‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

لەبارەی هاتنی وەفدێکی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بۆ سنورەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان، لیوای یەکی پێشمەرگە لەسنوری کەرکوک رایدەگەیەنێت: بەهیچ شێوەیەک هێزە عێراقییەکە سنوری ئێمەیان نەبەزاندووە و پێشتر هۆشداریمان پێدابوون لەو بارەیەوە.


عەمید روکن رێبوار فەرماندەی لیوای ١ی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە لەناحیەی قەرەهەنجیر ئەمڕۆ سێشەممە (٢٨ی کانونی دووەم) بەدواڕۆژی راگەیاند: وەفدێکی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق سەردانی هێزە عێراقیەکانیان کردبوو لەنزیک قەرەهەنجیر بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو سنورانەی لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانیان هەیە تاوەکو بەهەمەهەنگی پڕبکرێتەوە.

وتیشی: "پێشتر بەتەلەفۆن ئاگادارکرابوینەوە کە ئەو وەفدە دێتە سنورەکە، بەڵام هۆشداریمان پێدان کە قبوڵ ناکەین نزیک سنوری پێشمەرگە ببنەوە و وەفدەکەیش بەهیچ شێوەیەک نزیک نەبونەتەوە و هەوڵیشیان نەداوە سنورەکە ببەزێنن".

فەرماندەکەی پێشمەرگە هۆکاری کۆکردنەوەی هێزەکانیان لەبەرامبەر هێزە عێراقیەکان خستەڕوو و رایگەیاند: بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بێتە ئاراوە سەنگەرەکانمان پتەو کرد و هێزەکانمان خستە ئامادەباشیەوە، بەڵام هیچ شتێک لە ئارادانیە و پەیجەکانی فەیسبووک گەورەیان کردوەتەوە.

بەهەمانشێوە وەفدەکە سەردانی سنوری ناحیەی شوانی کردووە و لەکاتی نزیک بونەوەیان لەسنوری پێشمەرگە لەلایەن ئاسایشی یەکێتیەوە لەبازگەی شێوەسور رێگریان لێکراوە و گەڕاونەتەوە.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure