لەناوچە جێناکۆکەکان مامەڵەی دوژمنکارانە لەگەڵ رۆژنامەنووسانی کورد دەکرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 115‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دیار تاڵب

هێزەکانی پۆلیسی ئیتیحادی رێگریانکرد کۆمەڵێک رۆژنامەنووسی کورد روماڵی گردبونەوەی دانیشتوانی گوندێک بکەن دژی پرۆسەی تەعریب، بۆ ماوەیەکیش دەستبەسەرکران و دەستیش گیرا بەسەر کەلوپەلەکانیاندا، ئەمە نموونەیەکە لەو مامەڵە دوژمنکارانەی لەگەڵ رۆژنامەنووسان دەکرێت لە ناوچەجێناکۆکەکان.

دانیشتوانی گوندی خەڕابە لەناحیەی سەرگەڕانی سنوری قەزای دوبز گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان رێکخست دژی بڕیارێکی دادگای کەرکوک بۆ گەڕانەوەی عەرەبی هاوردەی سەردەمی بەعس بۆ سەر زەویەکانیان.

کۆمەڵێک رۆژنامەنووس لەنێویاندا پەیامنێری سایتی دواڕۆژ بۆ روماڵکردنی گردبونەوەی جوتیارانی کورد رۆیشتنە قەزای دوبز ( ٤٠ کیلۆمەتر رۆژئاوای کەرکوک ), بەڵام لەلایەن هێزێکی پۆلیسی ئیتیحادی لەبازگەی دوبز بەمەبەستی رێگریکردن لە رووماڵکردنی ئەو گردبونەوەیە دەستبەسەرکران.

ئەو رۆژنامەنوسانە پێكهاتبوون لە ( دیار تاڵب، خەبات نەجمەدین، نەبیل خالید، تیشكۆ ئیسماعیل، نەبەز میقداد، هاوتا بەهرۆز، سەیف ئەنوەر و ئەیاد محمد)

نەبەز میقداد یەکێکە لەو رۆژنامەنوسانەی دەستبەسەرکرابوو بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای ئاگاداركردنەوەمان لە خۆپشاندانی کوردانی گوندی خەڕابە، بەرەو ناحیەی سەرگەڕان بەڕێکەوتین، بەڵام لەرێگادا لەلایەن پۆلیسی ئیتحادیەوە ڕێگریمان لێکرا بە بەبیانوی نەبوونی مۆڵەتی فەرمی.

وتیشی: "لەلایەن هێزەکەوە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک دەستبەسەر کراین و باج و کەلوپەلەکانمان لێوەرگیرا کە دواتر بەفشاری لێپرسراوانی کورد ئازادکراین". 

ئەو هێزەی لەسنورەکەدا جێگیربوون لە رووی سەربازیەوە سەر بە ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدینن، بەڵام لەروی ئیداریەوە لەناوچەیەکی پارێزگای کەرکوک جێگیربوون.

لەکەرکوک دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و رێگریکردن لە رووماڵکردنی رووداوەکان لەلایەن هێزە سەربازیەکانەوە بووەتە دیاردە، تەنانەت لەلایەن ئیدارەی راکان جبوریەوە لێدوانی فەرمانگەکان بۆ میدیاو رۆژنامەنوسان قەدەغەکراوە.

خەبات نەجمەدین یەکێکی دیکە لەو رۆژنامەنووسانەی دەستبەسەرکرابوو بە دواڕۆژی راگەیاند: داوا لە سەرۆكایەتی كۆمار و عادل عەبدولمەھدی وەك سەرۆكی ھێزەچەكدارەكان عێراق دەكەین پاڵپشتی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكاران بكەن.

وتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لەسوکایەتیکردن بە رۆژنامەنووسان و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەکو دوژمن، یەکەم حاڵەت نیە و بەردەوام دوبارە دەبێتەوە".

سەنتەری میترۆ لەبەیاننامەیەکدا سەركۆنەی رێگرییەكانی دەسەڵاتی عەسكەری لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزی پۆلیسی فیدڕاڵی كەركوك دەكات كە ناهێڵن رووماڵی پرۆسەی تەعریبی ناوچە كوردستانییەكان بكەن.

میترۆ داوا لە هێزە سیاسییەكانی شاری كەركوك و سەرجەم رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەكات، پشتیوانی لە ئازادی میدیا بكەن و نەهێڵن پرۆسەكانی تەعریب و راگواستنی جوتیارانی كورد لە سەر زەوی و ئاوی خۆیان تێپەڕێت و زومی كامێرای پێنەگات و بیدەنگی لێبكرێت.

مەھدی زریان سكرتێری لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئێمە وەكو سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لقی كەركوك دژی ھەموو دەستدرێژیەكی ماددی و مەعنەوین بۆسەر ڕۆژنامەنووسان لە شارەكەدا و بەپێی یاسا ھەر ڕۆژنامەنووسێك دەستدرێژی بكرێتەسەر دەتوانێ لەدادگا سكاڵای یاسای تۆمار بكات.

وتیشی: "لە ئێستادا کەرکوک بە دۆخێكی ئاڵۆز تێدەپەڕێت و تەنانەت ناتوانین وەكو پێشوو داكۆكی لە ڕۆژنامەنووسان بكەین".

لەدوای رووداوەکانی ئیکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لە ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستور، رۆژنامەنوسان مامەڵەیەكی خراپیان بەرامبەر دەكرێت و لە ژینگەیەكی دوژمنكارانە بەرامبەر بە پیشەكەیان كاری رۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن.

پێشتریش راکان جبوری پارێزگاری کاتی کەرکوک بەنوسراوێکی نهێنیدا، بەتۆمەتی هاندانی هاوڵاتیان دژی دەوڵەت داوای لەدەزگای دژەتیرۆر کردبوو ژمارەیەک رۆژنامەنوس دەستگیربکرێن لەنێویاندا ( عیماد جەباری ) پەیامنێری سایتی دواڕۆژ.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure