پشكنینى ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتى هه‌رێم ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 5746‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
 له‌ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌وه‌ 28ى كانونى دووه‌مى 2020 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان پشكنینى ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ وڵاتى چینه‌وه‌ سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كه‌ن به‌و هاووڵاتیانه‌ى هه‌رێمیشه‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستى گه‌شت یان بازرگانی سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌.


محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند:"ئه‌مڕۆ رێكارێكی نوێ ده‌گرینه‌به‌ر دژی ئه‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا ئه‌ویش له‌ فڕۆكه‌خانه‌ و سنوره‌كان، ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ وڵاتی چین و وڵاتانی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ریمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌كی پشكنینی چڕ دیاریكراوه‌و له‌ ئه‌مڕۆ ده‌ست به‌كار ده‌بن". 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوونی ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ هه‌رێم ده‌ستنیشانكراوه‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێك له‌ هه‌رێم تۆمار نه‌كراوه‌و ده‌زگاو فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌ وردی چاودێری ئه‌و نه‌خۆشانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن. 

پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure