فڕۆكه‌ى توركی هاووڵاتیه‌كى هه‌رێمى شه‌هید كرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1589‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك
شه‌ش هاووڵاتى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كى سه‌ربازى توركیاوه‌ هێرشده‌كرێته‌ سه‌ریان و به‌هۆیه‌وه‌ یه‌كێكیان شه‌هید ده‌بێت و یه‌كێكى دیكه‌شیان بریندار ده‌بێت و چوار كه‌سه‌كه‌ى دیكه‌ش بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ئه‌شكه‌وتێكدا خۆیان حه‌شارداوه‌ تاوه‌كو له‌لایه‌ن كه‌سوكاریانه‌وه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌. 


یه‌كشه‌ممه‌ى رابوردوو 26ى كانونى دووه‌مى 2020، شه‌ش هاووڵاتی ناوچه‌ی زێبار(نه‌هلێ) سه‌ر به‌ناحیه‌ی دینارته‌، له‌ قه‌زای ئاكرێ، روویان له‌ گوندی كافییا كردبوو،له‌وێ  له‌لایه‌ن  فڕۆكه‌سه‌بازییه‌كانى توركیاوه‌ بۆردومان كران و دوای گه‌ڕانێكی زۆر له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌ و كه‌سوكارییان، دره‌نگانی شه‌وی رابوردوو چاره‌نوسی ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ ئاشكرابوو كه‌ یه‌كێكیان شه‌هیدبووه‌ و یه‌كێكى دیكه‌شیان برینداره‌و چوار كه‌سه‌كه‌ى تریش خۆیان له‌ ئه‌شكه‌وتێكدا شاردووه‌ته‌وه‌.

ئومێد زێباری ناسیاوی ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ دواڕۆژ وتی:"له‌كاتی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا، سه‌عید حه‌بیب سڕانی له‌ شوێنی بۆردومانه‌كه‌ شه‌هیدبووه‌و نزار شه‌عبان كه‌ یه‌كێكى دیكه‌ بووه‌ له‌و شه‌ش كه‌سه‌ بریندار بووه‌و گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌".

هێرشه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی دهۆك به‌رده‌وامن و بیانوى توركیاش بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و هێرشانه‌ بونى په‌كه‌كه‌یه‌ له‌و سنوره‌.

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure