پیلانێك دژ به‌ به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم ئاشكرا ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 4561‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی رای زۆرینه‌ی په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ فشار دروست بكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بوودجه‌ی هه‌رێم، به‌ڵام په‌رله‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه‌ ئه‌م بڕیاره‌ به‌سه‌ر حكومه‌ت جێبه‌جێبكات.

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كوتله‌ شیعه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ی رای زۆرینه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ به‌ بڕیارێك بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێم له‌ بوودجه‌ی گشتی عێراق كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

وتیشی: "به‌پێی ده‌ستور كه‌ پشكی هه‌رێمی دیاریكردووه‌ په‌رله‌مان ناتوانێت ئه‌م بڕیاره‌ به‌سه‌ر حكومه‌ت جێبه‌جێبكات و بوودجه‌ی هه‌رێم كه‌ پێشتر دیاریكراوه‌ كه‌م ناكرێته‌وه‌".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ په‌رله‌مان تا ۳ی ئازاری۲۰۲۰ له‌ پشوودا ده‌بێت، ته‌نها گه‌ر حاڵه‌تێكی تازه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌ گه‌رنا هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام نادات و وتیشى:" دواكه‌وتنی په‌سندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كارناكاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌نێردرێت، به‌ڵكو به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئه‌گه‌ر هاتوو پڕۆژه‌ى بوودجه‌ په‌سه‌ند نه‌كرا یان دواكه‌وت، ئه‌وكاته‌ به‌ڕێژه‌ی له‌ یه‌ك له‌سه‌ر دوازده‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌نێردرێت، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامی به‌ ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌دات كه‌ له‌ ۲۰۲۰ مووچه‌ی مانگی یه‌ك نێردراوه‌". 
پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure