به‌غدا بڕیارێكى له‌باره‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 8913‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڕیاریداوه‌ هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زنامه‌ عێراقیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تاوه‌كو 28ى كانونى یه‌كه‌مى 2005 به‌ هاووڵاتیانی په‌نابه‌ری داوه‌ به‌ دروست داده‌نرێت، به‌ڵام دوای ئه‌و مێژووه‌ پێویسته‌ مامه‌ڵه‌ی ده‌رهێنانی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان بۆ بكرێته‌وه‌.


به‌پێی گشتاندنێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی كه‌ له‌ ڕۆژی ۱٦ۍ كانوونی دووه‌م ده‌رچووه‌ و ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایتییه‌كانی ره‌گه‌زنامه‌ له‌ پارێزگاكانی عێراق و هه‌رێم كراوه‌ ئه‌و بڕیاره‌ رونكراوه‌ته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ زانا رۆستایی، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ عێراق ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م ره‌گه‌زنامه‌ی پارێزگاكانی عێراق كراوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.

وتیشی:"ئامانج له‌ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و ره‌گه‌زنامانه‌ی كه‌ له‌ دوای ۲۰۰٥ دراون به‌و په‌نابه‌ره‌ سوری و توكی و ئێرانیانی و بیانانه‌ی كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێم نیشته‌جێن و ره‌گه‌زنامه‌یان پێدراوه‌ پێویسته‌ ره‌گه‌زنامه‌یان بۆ ده‌ربهێندرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ رابوردوو ره‌گه‌زنامه‌یه‌كی زۆر به‌ ساخته‌ ده‌رهێندراوه‌ و دراوه‌ته‌ په‌نابه‌رانی ئه‌و وڵاتانه‌". 

هاوكات لیوا هێرش ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ره‌گه‌زنامه‌ی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق تاوه‌كو ئێستا ئاڕاسته‌ی هه‌رێم نه‌كراوه‌. 
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure