قایمقامی شارێكى هه‌رێم "هه‌ڕه‌شه‌" ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 3882‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لی حه‌مه‌ سه‌عید
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌شێك له‌ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی قه‌زای سه‌یدسادق  خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و داوای باشتركردنی دۆخی كاره‌با و ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و دابه‌شكردنی نه‌وتی سپى-یان له‌ ئیداره‌ی قه‌زاكه‌ كرد، قایمقامی قه‌زاكه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت:"ئێمه‌ش خه‌ریكه‌ په‌تی سه‌برمان ده‌پچڕێت".

دیاری ڕه‌فیق، قایمقامی قه‌زای سه‌یدسادق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی لای دواڕۆژه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات چه‌ند رۆژێكه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتیان تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان داوای خۆپیشاندان ده‌كه‌ن تایبه‌ت به‌دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان و نه‌وت و كاره‌با بۆ شاره‌كه‌مان ، ئه‌گه‌ر چی له‌رۆژانی پێشوو پشتیوانی خۆمانمان بۆ ده‌ربڕین كه‌ئێمه‌ خۆمان به‌نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئێوه‌ و داواكاریه‌كانتان ده‌زانین هه‌رله‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ دیدارمان له‌گه‌ڵ پارێزگاری سلیمانی ڕێكخست و به‌ده‌م داوه‌كه‌مانه‌وه‌ هات و داوای ده‌رفه‌تی لێكردین".

وتیشى:"به‌شیك له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێ گوێدانه‌ هه‌ستی خه‌ڵك و گه‌نجی شاره‌كه‌مان بێ چاوه‌ڕوانیكردنی جێبه‌جێكردنی به‌ڵینه‌كان ئه‌مڕۆ هانی كۆمه‌ڵێك گه‌نجی خوێن گه‌رم و دڵسۆزیاندا كه‌ به‌دروشمی جیاواز خۆپێشاندان بكه‌ن و هیچ گوێ به‌مۆڵه‌ت و ڕێكاری یاسایی نه‌ده‌ن كه‌به‌داخه‌وه‌ له‌رۆژانی رابوردوودا داوامانكرد مۆڵه‌ت وه‌ربگرن با ئێمه‌ش پشتیوان وهاوكارتان بین هیچ نه‌بیت له‌گه‌ڵتان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی داواكانمان بگه‌یه‌نین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌نه‌كرا".

ده‌شڵێت:"ئیمه‌ جارێكی دیكه‌ دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌شێك له‌داواكاریه‌كانتان ڕه‌وان و پشتیوانتانین پێمان وایه‌ له‌رابوردوو سته‌مێكی ئیجگار زۆر له‌م شاره‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز رێگاناده‌ین به‌هاوكاری ئێوه‌ له‌ حكومه‌ت غه‌دری زیاترمان لێبكرێت به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دۆخی دارایی حوكمه‌ت له‌به‌رچاوه‌، هیوادارین حوكمه‌تی هه‌رێم دام وده‌زگای په‌یوه‌ندیدار گوییان له‌ داواكانمان كه‌ڕ نه‌كه‌ن چونكه‌ به‌راستی ئێمه‌ش له‌ئیداره‌ خه‌ریكه‌ په‌تی سه‌برمان ده‌پچڕێت".


پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure