دوو ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر گڕیان گرت و شۆفێره‌كانیان سووتان

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 3363‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزی
دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌ 27ی كانونی دووه‌م، دوو ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌ ناو عه‌لوه‌ی زاخۆ گڕیانگرت و به‌ هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س به‌ رێژه‌ی 100% و 40% سووتان كه‌ شۆفێرى بارهه‌ڵگره‌كان بوون.

موقه‌ده‌م بێوار عه‌بدولعه‌زیز به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌رگریی شارستانی له‌ پارێزگای دهۆك، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند:"دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ئاگاداركراین له‌ رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ عه‌لوه‌كانی قه‌زای زاخۆ. دواتر تیمه‌كانمان گه‌یشتنه‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ و توانییان ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن".

وتیشی:"به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌وه‌ هه‌ر دوو شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كان سووتان، یه‌كێكیان به‌ رێژه‌ی 100% و ئه‌ویتریان به‌ رێژه‌ی 40%،  دواتر ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سووتاویی له‌ دهۆك كران".

به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌رگریی شارستانی له‌ پارێزگای دهۆك ده‌ڵێت:"یه‌كێك له‌ شۆفێره‌كان خه‌ڵكی شاری سلێمانی‌ و ئه‌ویتر ‌عه‌ره‌ب بووه‌، به‌پێ قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌كان ئه‌و دوو شۆفێره‌ ویستویانه‌ له‌ ته‌نیشت ئۆتۆمبێله‌كانیان خواردن بۆ خۆیان ئاماده‌بكه‌ن و له‌وكاته‌دا‌ بتڵێكی غاز گڕیگرتووه‌ و ته‌قیوه‌ته‌وه‌". 

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure