حەوت بەرپرسی باڵای پارتی ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنگرەی دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 434‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت: بەبڕیاری سەركردایەتی حەوت كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی راسپێردراون بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی، ئه‌وەش دەخاتەڕوو: تاكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ بەستنی كۆنگرە دیارینەكراوە.


ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: پارتی لەسەر بەستنی كۆنگرە سوورەو بەبڕیاری كۆبوونەوەی سەركردایەتی كە سەرۆك بارزانی پەسەندی كردووە، حەوت كەس وەك لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرە دیاریكراون.  

وتیشی: "حەوت كەسەكە چواریان ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سێ كەسی تریش ئەندامی سەركردایەتین، كە لەداهاتوودا كارەكانی كۆنفرانس ئەنجام دەدەن.

لەبارەی كاتی ئەنجامدانی كۆنگرە، ئەو سەركردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد: تاكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ بەستنی كۆنگرە دیاری نەكراوە، بەڵام پارتی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستێت.

دوێنێش لە میانەی بەشداریكردنی لە مەراسیمی یادی 71 ساڵەی رۆژی نیشتمانی هیندستان، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو: پارتی حیزبێکە بە شێوەیەكی سەرەكی بەشداری لە حكومڕانیدا دەكات، بۆیە پێویستە خۆی تازە بكاتەوەو خۆی بگونجێنێت لە گەڵ بارودۆخ و گۆرانکاریەكان.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 دامەزراوەو تاكو ئێستا 13 كۆنگرەی بەستووەو بەشێك لە كۆنگرەكانی لەكاتی یاسایی خۆی دواكەوتووەو دواین كۆنگرەشی بەر لە 9 ساڵ لە هەولێر بەست.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure