باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا چۆڵكرا

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 6299‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ته‌له‌فزیۆنی سۆمه‌ریه‌ ئاشكرای كرد به‌هۆی موشه‌كبارانكردنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا و ده‌وروبه‌ری له‌ به‌غدا، ژماره‌یه‌ك كه‌س بریندار بوون، باس له‌وه‌شده‌كرێت به‌ هەلیكۆپته‌ر باڵێۆزخانه‌كه‌ چۆڵكراوه‌.


به‌پێی هه‌واڵێكی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ كۆپته‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كان باڵیۆزخانه‌كه‌یان چۆڵكردووه‌و ئه‌ندامه‌كانی ناویان گواستووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كیش به‌ سۆمه‌ریه‌نیوزی راگه‌یاندووه‌ له‌ئه‌نجامی بۆردومانكردنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا سێ كه‌س برینداربوون، به‌ڵام ره‌گه‌زنامه‌ی بریناره‌كان ئاشكرا نه‌كراون.

به‌وهۆیه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: جارێكی تر دوژمن هێرشی كرده‌ سه‌ر نێرده‌ دیپلۆماسییه‌ بیانییه‌كان و به‌ موشه‌كی كاتیوشا بۆردومانی حه‌ره‌می باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا كراوه‌.

عه‌بدولمه‌هدی وتیشی "به‌رده‌وامیی ئه‌م كاره‌ نه‌فره‌تلێكراو و له‌یاسا ده‌رچوونه‌، ده‌بێته‌هۆی لاوازكردنی ده‌وڵه‌ت و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق و نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان".

به‌رپرسێكی ئه‌مریكیش به‌ "سی ئێن ئێن"ی راگه‌یاندووه‌: یه‌كێك له‌و كاتیوشانه‌ كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ ئاڕاسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وز كراوه‌، به‌ر هۆڵی نانخواردنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا كه‌وتووه‌.

رۆژنامه‌ی واشنتن ئیكزامینێر له‌ زاری به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكاوه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌: سێ موشه‌ك كه‌تووه‌ته‌ ناو باڵیۆزخانه‌كه‌وه‌و پێنج موشه‌كی دیكه‌ش له‌ ده‌وروبه‌ری باڵیۆزخانه‌كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure