بۆچی هاووڵاتیانی ناوچەیەکی هەرێم چوونه‌ سه‌ر باره‌گاى دووەم هێزى ناتۆ؟

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 802‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

رۆژێك پێش خۆپێشاندانه‌كانى خه‌ڵكى شێلادزێ، چوار هاووڵاتى مه‌ده‌نى له‌ ناحیه‌ى دێره‌لۆك سه‌ر به‌ قه‌زاى ئامێدى به‌هۆى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا گیانیان له‌ ده‌ستدا و دوانی تریش بێسه‌روشوێن بوون.


له‌ پاشنیوەڕۆی رۆژى شه‌ممه‌ 26ی کانونی دووەمی 2019 خه‌ڵكى سنوورى شێلادزێ و ده‌وروبه‌رى و كه‌سوكارى قوربانیانی بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى سوپاى توركیا له‌ ناو سه‌نته‌رى شێلادزێ خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا و داواى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان كرد له‌ حكومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ند.

دواى كه‌متر له‌ كاتژمێرێك ئاڕاسته‌ى خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ره‌و كومه‌ڵگەى سیریێ گٶڕدرا و به‌ دروشمى ئازادى و كوا رۆڵه‌كانمان، به‌ سه‌دان كه‌س هه‌ردوو رێڕەوی شەقامەكه‌یان گرت و به‌ره‌و به‌رده‌م باره‌گاى میتى توركیا رۆیشتن كه‌ دووەم هێزى ناتۆیه‌.

بڕیار نێروه‌یى، یه‌كێك له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ى تا كۆتایى روماڵى خۆپیشاندانه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌مشێوه‌یه‌ بۆ دواڕۆژ ده‌گێڕێته‌وه‌: ئه‌و رۆژه‌ له‌لاى من رۆژێكى تایبه‌ته‌ و وه‌كو رۆژنامه‌نووس و هاوكات خه‌ڵكى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌م، بینیم خه‌ڵكێك له‌ به‌ر نه‌چارى و له‌ ده‌ستدانى كه‌سوكارى خۆیان و پیر و گه‌نج و ژن و منداڵ پێكه‌وه‌ به‌شداربوون.

وتیشى: "ئامانجى خۆپیشاندانه‌كه‌ هێرشكردن نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌یانویست بچنه‌ به‌رده‌م باره‌گاى میتى توركیا، به‌ڵام زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌وانه‌ بوون كه‌ كه‌سوكاریان شه‌هید و بێسه‌روشوێن ببوون، ده‌ره‌نجام هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گاكه‌ روویدا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "یه‌كه‌م جاره‌ ده‌بینم خه‌ڵك ده‌چنه‌ سه‌ر هێزێكى ناتۆ كه‌ هێزێكى پڕ چه‌ك بوو، چه‌كى قورسیشى پێ بوو".

له‌ ماوه‌ى دوو ساڵدا 2018 و 2019 له‌ ناحیه‌ى شێلادزێ و دێره‌لۆك و بامه‌ڕنێ له‌ سنوورى قه‌زاى ئامێدى، 20 هاووڵاتى مه‌ده‌نی شه‌هید بوون و زیاتر له‌ 21 كه‌سیش بریندار بوون.

ئه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ى زۆر دڵخۆشی كردم ئه‌وه‌ بوو خه‌ڵكى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌بێ جیاوازى حیزبى و سیاسى و عەشئرەتیی پێكه‌وه‌ به‌شداریان كرد، ئه‌و خه‌ڵكه‌ په‌یامێكیان دا به‌ توركیا و هه‌موو وڵاتان، پێیان وتن كه‌ ئیدى لێره‌دا بوه‌ستن، خوێنمان بێ به‌رامبه‌ر نیه‌".

راشیگه‌یاند: "له‌ كاتى روماڵكردنى رووداوه‌كانى خۆپیشاندانه‌كه‌ بینیم چه‌ك به‌كارهێنرا و ته‌قه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى ده‌كرا، خه‌ڵك شاره‌زاییان نه‌بوو له‌ سه‌ر ئه‌و باره‌گایه‌، ده‌وروبه‌رى هه‌مووى مین و ته‌قه‌مه‌نى بوو، له‌وه‌ ده‌ترساین ژماره‌ى قوربانیان زیاتر ببێت چونكه‌ كه‌س نه‌یزانى ته‌قه‌ له‌كوێوه‌ دێت، مه‌ترسییەكى زۆر هه‌بوو، به‌ڵام بۆ گه‌یاندنى ده‌نگى ناڕه‌زایى  ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئاماده‌بووین وه‌كو رۆژنامه‌نووس و خه‌ڵكى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ گیانى خۆشمان دانێین".

رۆژانه‌ به‌به‌رده‌وامى فڕۆكه‌ى هه‌واڵگریى سوپاى توركیا به‌ سه‌ر ئاسمانى ناوچه‌كانى نێروه‌ و رێكان و ده‌ڤه‌رى نهێل و بنارى چیاى مه‌تین و گاره‌ و ده‌ڤه‌رى به‌روارى باڵا ده‌سوڕێنه‌وه‌، ئه‌مڕۆش كه‌ ساڵیادى خۆپیشاندانه‌كانى شێلادزێ بوو، فڕۆكه‌ى هه‌واڵگریى به‌ سه‌ر چیاى كوره‌ژار ده‌سوڕایه‌وە و هاوكات هه‌شت جار گونده‌وارى ده‌ڤه‌رى زێباى له‌ سنوورى قه‌زاى ئاكرێ بۆردومان كران.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure