رۆمانیا... ئه‌و وڵاته‌ى كه‌ خه‌ریكە كه‌سى تیادا نامێنێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 2338‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ماوه‌ى 12 ساڵه‌ رۆمانیا ئه‌ندامه‌ له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپادا. له‌ ماوه‌ى ئه‌و 12 ساڵه‌دا به‌رهه‌مى تاك و كرێى كار زیادیان كردووه‌، به‌ڵام هه‌ر ساته‌ ناساتێك حكومه‌ت باجى تازه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر كه‌رته‌ جیاجیاكانى پیشه‌سازیى و دارایى و وزه‌ و خزمه‌تگوزاریى. بۆیه‌ ئێستا 30%ى خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ژێر هێڵى هه‌ژاریدان.

زۆربه‌ى دانیشتووانى رۆمانیا بێبه‌شن له‌ چاودێرى ته‌ندروستى و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌تایبه‌ت ئاوه‌ڕۆ. شانبه‌شانى ئه‌مه‌ ژماره‌ى دانیشتووان به‌رده‌وام له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌ به‌ گه‌نج و پیره‌وه‌. ئه‌وانه‌شى كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ یان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سواڵ ده‌كه‌ن یان خه‌ریكى خۆپیشاندان و ده‌ربڕینى ناڕه‌زایین دژ به‌ گه‌نده‌ڵییه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ى ئه‌و وڵاته‌ و سیاسه‌تى سكهه‌ڵگوشین كه‌ پێناچێت هه‌رگیز كۆتایى بێت.

وه‌به‌رهێنه‌ران رۆژ به‌ڕۆژ متمانه‌یان به‌ رۆمانیا كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بڕیارى سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و چاوه‌ڕواننه‌كراو ده‌رده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش داموده‌زگاكان لاوازن و گه‌نده‌ڵى داد و بێدادیه‌تى.

سه‌ركردایه‌تى سیاسى رۆمانیا له‌ ساڵانى نێوان 2009 و 2015دا توانى قه‌رزێكى زۆر له‌ سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌م قه‌رزه‌ به‌شێوه‌یه‌كى كاتیى رۆمانیاى بوژانده‌وه‌ و كورتهێنانه‌ بازرگانییه‌كانى كه‌مكرده‌وه‌، به‌ڵام زۆرى پێنه‌چوو ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ هیچیان نه‌مان و سه‌رله‌نوێ كێشه‌ و قه‌یرانه‌ دارایى و ئابوریه‌كان سه‌ریانهه‌ڵدایه‌وه‌.

سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى به‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رج ئه‌م قه‌رزانه‌ى به‌خشى به‌ رۆمانیا، له‌وانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ به‌ رێژه‌ى 25% و كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى خانه‌نشینى به‌ رێژه‌ى 15%. ده‌زگاى دادوه‌رى رۆمانیا ئه‌م بڕیارانه‌ به‌ نایاسایى داده‌نێت و ئێستا مشتومڕێكى گه‌وره‌ له‌نێوان حكومه‌ت و دادوه‌ره‌كانى رۆمانیادا دروست بووه‌.

سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى چه‌ندین جاره‌ ده‌ستى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌ قه‌یرانه‌كانى رۆمانیادا. 

چاودێره‌كان ده‌ڵێن رۆمانیا به‌ 23 ملیۆن دانیشتووانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بێته‌ خاڵى هه‌ژاندنى سه‌قامگیریى سیاسى هه‌موو ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌ ئابورییه‌كه‌ى به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵته‌كیندا بێت. 

خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى ده‌ربڕینى چین و توێژه‌ جیاجیاكانى رۆمانیا بوونه‌ته‌ دیارده‌یه‌كى ئاسایى كه‌ هۆكارى زۆربه‌ى ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ مه‌رجه‌ سه‌خته‌كانى سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تییه‌، له‌وانه‌ ده‌ركردنى 60 هه‌زار كارمه‌ند كه‌ 15 هه‌زاریان مامۆستان و ئه‌مه‌ش به‌ كرده‌وه‌ واتا داخستنى زۆرێك له‌ قوتابخانه‌كان. 

گۆڕینى زوو زووى حكومه‌ت له‌ رۆمانیادا نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. چونكه‌ مه‌رجه‌كانى سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى نه‌گۆڕن. رۆمانیا ده‌وڵه‌تێكى هه‌ژاره‌ و به‌بێ قه‌رزى ده‌ره‌كى خۆى پێ راناگیرێت. به‌ڵام له‌سه‌رێكى دیكه‌وه‌ دانیشتووانى رۆمانیا نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌كانى سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تیان پێ جێبه‌جێ ناكرێت.

سیاسه‌تى سكهه‌ڵگوشین و كه‌مكرنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان نه‌یتوانیوه‌ ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ڕووى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى و فریاكه‌وتنه‌وه‌ چاك بكات له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌پۆلى كۆچكردن له‌و وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌. به‌پێى ئاماره‌كان نزیكه‌ى 5 ملیۆن رۆمانى كه‌ ده‌كاته‌ 25%ى دانیشتووان كۆچیان كردووه‌ و وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه‌. له‌ناو وڵاتیشدا ئه‌و به‌ساڵاچوانه‌ى كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ رووبه‌ڕووى مردن بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆى خراپى گوزه‌ران و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى.

دیاره‌ هه‌ر ته‌نیا رۆمانییه‌كان نین كه‌ به‌ده‌ست مه‌رجه‌كانى سندوقى دراوه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. ئه‌زموون ده‌ریخستووه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ رێكخراوى سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى به‌ناوى قه‌ڵاچۆكردنى هه‌ژارییه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانى تیایاندا كردووه‌ ئێستا له‌ جاران هه‌ژارترن. ئه‌م وڵاتانه‌ وه‌ك قوربانى جه‌نگیان لێهاتووه‌، به‌ڵام جه‌نگێكى ئاسایى نا به‌ڵكو جه‌نگێكى ئیستیعمارى نوێ به‌ چه‌مكێكى ئابوریى تازه‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure