ئاگره‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ كۆنترۆڵكرا و 7 کەسیش برینداربوون

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 167‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

تیمه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌رى توانیان ئه‌و ئاگره‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن كه‌ ئه‌مشه‌و له‌ به‌شێك له‌ ژێرزه‌مینى قه‌یسه‌رى شنروێ له‌ بازاڕى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌وتەوه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى حه‌وت كه‌س له‌ كارمه‌ندانى ئاگركوژێنه‌وه‌ بریندار بوون و 20 دوكانیش به‌ ته‌واوى سوتان.

زانیار عومه‌ر، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى تائێستا به‌ڕوونى بۆمان ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ هۆكارى ئاگره‌كه‌ چییه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ دواى هه‌وڵێكى زۆرى تیمه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ توانیمان ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ین كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیانێكى زۆرى مادى به‌ر دوكانه‌كان كه‌وتووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ ئه‌نجامى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگره‌كه‌ 20 دوكان سوتاون كه‌ بریتین له‌ دوكانى جلوبه‌رگ و پێڵاو و شوشه‌وات و پێداویستى ناوماڵ و چه‌ند پێداویستییه‌كى دیكه‌، هاوكات به‌هۆى ته‌نگه‌ نه‌فه‌سى و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئۆكسجین و دروستبوونى دووكه‌ڵێكى زۆر حه‌وت كارمه‌ندى ئاگر كوژێنه‌وه‌ بریندار بوون، به‌ڵام بارى ته‌ندروستییان جێگیره‌.

وته‌بێژه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: پێش روودانى ئاگره‌كه‌ چه‌ندجارێك خاوه‌ن دوكانه‌كانمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و دوكانانه‌ مه‌رجى سه‌لامه‌تییان تیادا نییه‌ به‌تایبه‌ت له‌ڕووى راكێشانى وایه‌رى كاره‌با و نه‌گونجانى شوێنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ رێوشوێنه‌ پێویسته‌كانى تایبه‌ت به‌ به‌رگرى شارستانى، بۆیه‌ تائێستا به‌ وردى قه‌باره‌ى زیانه‌كانمان بۆ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure