لەبارەی هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا عەبدولمەهدی فەرمانێکی دەرکرد

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 915‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئەمشەو 26ی کانونی دووەمی 2020 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان دا کە گەڕان و پشکنین دەستپێبکەن و رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

عەبدولمەهدی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە: جارێکی دیکە هێرشدەکرێتە سەر تیمێکی دیپلۆماسی بیانی لەڕێگەی ئاڕاستەکردنی موشەکی کاتیۆشا بۆ ناو حەرەمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئەم کارە رەتدەکەینەوە و لادانە لە یاسا و دەوڵەتیش لاواز دەکات و سەروەری پێشێل دەکات و رێزنەگرتنە لە تیمە دیپلۆماتکارە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق.

باسی لەوەشکردووە: فەرمانمان بە هێزەکانمان کردووە بڵاوببنەوە و گەڕان و پشکنین دەستپێبکەن بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەبێتەوە و ئەو کەسانەش دەستگیر بکرێن کە موشەکەکانیان هەڵداوە و لەبەرامبەر یاسادا سزای خۆیان وەربگرن.

ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم مامەڵە نابەرپرسیارانەیە لێکەوتەکانی لەسەر وڵات دەبێت و زیان بە بەرژەوەندی باڵای وڵات و پەیوەندییە دۆستایەتییەکانی دەگەیەنێت و وادەکات عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگ، بەتایبەت لەئێستادا کە حکومەت دەستیکردووە بە رێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە وڵات.

لە کۆتاییشدا دەڵێت: "حکومەت پابەندە بە پارێزگاریکردن لە سەرجەم تیمە دیپلۆماتکارەکان و سەرجەم رێکارە پێویستە یاساییەکان دەگرێتەبەر".

ئەمشەو شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی رایگەیاند: پێنج موشەکی کاتیۆشا لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لە چواردەوری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتووەتە خوارەوە بەڵام زیانی نەبووە.

ئا: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure