جه‌نگى ناوخۆ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان

هەواڵ / جیهان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 323‌ جار بینراوە

تاگ :: ئەمریکا

دواڕۆژ

ده‌زگا ئیعلامیه‌ موحافیزكاره‌كانى ئه‌مریكا هۆشدارى ده‌ده‌ن له‌وه‌ى كه‌ زۆر رێى تێده‌چێت شه‌ڕێكى ناوخۆ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا هه‌ڵبگیرسێت و داوا له‌ ئینجیلییه‌كان ده‌كه‌ن چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ى شه‌ڕ عه‌مبار بكه‌ن.


سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆست وتارى پسپۆڕێكى زانسته‌ سیاسییه‌كانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ تیایدا ترس و نیگه‌رانیه‌كانى موحافیزكاره‌ توندڕه‌وه‌كانى ئه‌مریكاى خستووه‌ته‌ڕوو به‌تایبه‌ت ئینجیلییه‌كان و ئه‌وانه‌ى كه‌ باوه‌ڕیان به‌ باڵاده‌ستى سپى پێسته‌كان هه‌یه‌. ئه‌مانه‌ پێیانوایه‌ دیموكراته‌كان و بێباوه‌ڕه‌كان له‌ ئاینده‌دا هه‌موو مافه‌كانیان زه‌وتده‌كه‌ن و له‌و باوه‌ڕه‌دان له‌سه‌ركارلابردنى ترامپ هه‌نگاوێكى ئاشكراى ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌ و ده‌ڵێن لێپێچینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆك یه‌كه‌مین ته‌قه‌ى جه‌نگه‌ ناوخۆییه‌كه‌ى داهاتووه‌.

خودى ترامپیش نایشارێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: دیموكراته‌كان كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى مافى مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنمه‌وه‌ دژایه‌تى ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ ده‌كه‌م. رێژه‌یه‌كى زۆرى ئینجیلییه‌كان باوه‌ڕیانوایه‌ ترامپ ئه‌و سه‌رۆكه‌یه‌ كه‌ خودا پیرۆزى كردووه‌.

نووسه‌رى بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت: له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كى بنكۆڵیدا و له‌ ئه‌نجامى گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ 1010 پڕۆتستانى ئه‌مریكیدا كه‌ 60%یان پڕۆتستانى ئینجیلین زۆرینه‌یان پێیانوایه‌ كه‌ سپى پێسته‌كان و ئینجیلییه‌كان ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌.

دیاره‌ ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێشه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى دیموكراسیدا، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ ئه‌م هه‌سته‌ دژواره‌ بۆى هه‌یه‌ وڵات به‌ره‌و توندوتیژى ببات. توێژینه‌وه‌كانى پێشووش ده‌ریانخستووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌ جیاجیاكانى ناو كۆمه‌ڵگاى ئه‌مریكى یه‌كتریان خۆشناوێت بگره‌ رقیان له‌یه‌كتره‌، به‌ڵام له‌ناو حیزبه‌كاندا ئه‌م رق له‌یه‌كتربوونه‌ ره‌نگى نه‌داوه‌ته‌وه‌. 

به‌شێوه‌یه‌كى گشتى خۆشه‌ویستى و لێبوورده‌یى له‌نێوان گروپه‌ ئیتنى و ئاینییه‌كاندا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكادا روو له‌ دابه‌زینێكى به‌رده‌وامن، به‌ڵام رێژه‌یه‌كى به‌رچاوى بێباوه‌ڕه‌كان و دیموكراته‌كان لێبورده‌ترن له‌ گروپه‌كانى دیكه‌. كه‌چى له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سیحییه‌ ئینجیلییه‌كان كه‌متر لێبورده‌ن و رقى زۆریان له‌ بێباوه‌ڕه‌كانه‌.

نووسه‌رى بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت: مه‌سیحییه‌ موحافیزكاره‌كان بۆ هه‌ست به‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌زگا ئیعلامییه‌ كۆنه‌پارێزه‌كان و ده‌سته‌بژێره‌ ئاینییه‌كان و هه‌ندێك سیاسى ئه‌مریكیى به‌ خوودى سه‌رۆك ترامپیشه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ قسه‌ و پڕوپاگه‌ندانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ وتاره‌كه‌دا هاتووه‌: مه‌سیحییه‌ ئینجیلییه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆیان هه‌ست به‌ لێبورده‌یى ناكه‌ن به‌رامبه‌ر بێباوه‌ڕ و دیموكراته‌كان پێیانوایه‌ ئه‌وانیش هه‌مان هه‌ستیان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئینجیلیى و كۆنه‌پارێزه‌كان.

پارتى كۆماریخوازى ئه‌مریكا و خوودى سه‌رۆك ترامپیش زۆر سوود له‌م دیارده‌یه‌ وه‌رده‌گرن و هه‌وڵده‌ده‌ن به‌هه‌ر نرخێك بووه‌ ئه‌وه‌ له‌ مێشكى ئینجیلییه‌كاندا بچه‌سپێنن كه‌ ژیان و مانه‌وه‌یان به‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ هه‌ڵه‌یه‌.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure