نوێترین زانیاری لەسەر كەیسەكەی سێوان قادر

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 4412‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف


دادگای تاوانه‌کانی سلێمانی داوای له‌ تیمی به‌ڵگه‌ و تاوانی سلێمانی کردووه‌، روونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی که‌یسی (سێوه‌ قادر) و منداڵه‌کانی بده‌ن.

بنار عادل نادر پارێزه‌ری (مافی که‌سی سێوه‌قادر) ئه‌مڕۆ (یه‌کشه‌ممه‌ 26ی کانوونی دووه‌می 2020) به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "دادگا بانگهێشتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی به‌ڵگه‌ و تاوانی سلێمانی کردووه‌ که‌چوونه‌ته‌ چه‌مچه‌ماڵ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ که‌شفکردن و چۆنیه‌تی ‌رووداوه‌که‌".

راشیگه‌یاند "هه‌رچه‌نده‌ دادگا له‌به‌رنامه‌ی خۆیدابوو بانگهێشتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بکات، به‌ڵام له‌ ئێستادا له‌سه‌ر داوای پارێزه‌ری (د.م) بانگکراون، بانگکردنه‌که‌ش بۆ دووباره‌ جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌نووسینی راپۆرته‌که‌یان له‌سه‌ر رووداوه‌که‌ و چۆن خۆیان خستۆته‌ شوێنی دادوه‌ر بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر دۆسیه‌کەیە‌".

پارێزه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌شی وت: "له‌ دۆسیه‌که‌دا راپۆرتێکی به‌ڵگه‌ و تاوان هه‌یه‌، که‌ باس له‌بێ تاوانی ئه‌و تۆمه‌تباره‌ راگیراوه‌  ده‌کات، هه‌ر خۆشیان  ئاماژه‌یان به‌وه‌‌داوه‌ که‌ دوای 20 رۆژ چوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌که‌ و هیچ شوێنه‌وارێکیش نه‌ماوه‌ بۆ که‌شفکردنی رووداوه‌که‌".

له‌باره‌ی نوێترین زانیاری له‌سه‌ر که‌یسی سێوه‌ و منداڵه‌کانی بنار عادل نادر وتی: "جگه‌ له‌و بانگهێشته‌ی لیژنه‌که‌ی به‌ڵگه‌ و تاوان، لایه‌نی به‌رامبه‌ر چه‌ند شایه‌تێکیان پێشکه‌شکردووه‌، دوای وه‌رگرتنی وته‌ی ئه‌و شایه‌تانه‌، ئیفاده‌ی تۆمه‌تبار وه‌رده‌گیرێت و چاوه‌ڕوانده‌کرێت له‌ 3 بۆ 4 دانیشتنی داهاتوودا وه‌رگرتنی وته‌ی شایه‌ته‌کان و تۆمه‌تبار کۆتایی پێبێت، که‌ هه‌موو رۆژانی پێنج شه‌ممه‌یه‌ک دیاریکراوه‌ بۆ دادبینی که‌یسه‌که‌".

وتیشی: "ته‌نها ئه‌م دادگایه‌ ده‌کرێت و هیچ تۆمه‌تبارێکی دیکه‌ له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ دادگایی ناکرێت، له‌ڕاستیشدا تا ئێستا وته‌ (ئیفاده‌)ی (د.م) وه‌رنه‌گیراوه‌ تا نکۆڵی له‌تاوانه‌که‌ بکات یان دانی پێداده‌نێت، له‌ دوو‌ دانیشتنی داهاتوودا وته‌ی وه‌رده‌گیرێت و بۆمان روونده‌بێته‌وه‌ که‌ چۆن به‌سه‌رهاتی رووداوه‌که‌ باس ده‌کات و چۆن ده‌یگێڕێته‌وه‌".

ئێواره‌ی رۆژی 16ی کانوونی یه‌که‌می 2018، به‌هۆی ئاگرێکی گوماناوی‌ له‌ماڵێکی گه‌ڕه‌کی ئاسووده‌ - چه‌مچه‌ماڵ سێ منداڵ به‌ناوه‌کانی (دارین – لارین و ده‌وه‌ن دیار)، که‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 5 ساڵ و 3 ساڵ و 6 مانگدابوو گیانیان له‌ده‌ستدا و دایکیشیان به‌ناوی (سێوه‌ قادر) دوای هه‌فته‌یه‌ک ‌مانه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی زۆری و سه‌ختی برینه‌که‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 24ی هه‌مان مانگ گیانی له‌ده‌ستدا، باوکی سێوه‌ش (د.م) مێردی کچه‌که‌ی تۆمه‌تبار ده‌کات به‌و رووداوه و ده‌ڵێت "کچه‌که‌م و هه‌رسێ منداڵه‌که‌ی سوتاندووه‌‌ " تا ئێستاش لێکۆڵینه‌وه و دادگایکردنی‌ که‌یسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure