ئیسلامییەکانی کوردستان دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان لەهەرێم

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 945‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگەی هەولێر

مانەوەی هێزەکانی ئەمریكا لە هەرێمی کوردستان، بۆتە واقیع، هاوکات مانەوەی ئەوهێزانە حیزبەکانی دابەشی سەر دوو بەرە کردووە.



لە دوای بۆردوومانەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی ئەمریكا لە هەرێم و عەین ئەسەد، پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆتە باسێکی گەرم و شیعەکان بەکۆی دەنگ لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریكا لە عێراقدا و کوتلە کوردییەکانیش ئەو کۆبوونەوەیەیان بایکۆت کرد.

لە سەروبەندی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی ئەمریكا سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکان ئەنجامدا و ئەو پرسە و کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد.

بەپێی زانیارییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی هەرێم رایگەیاند "ئەوان لەگەڵ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریكادا نین و هەر یەکە لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان پاڵپشتیان بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریكا نیشانداوە، بەڵام حیزبە ئیسلامییەکان لەکەڵ ئەو بۆچوونە نەبوون و پێیان وابووە ئەمریكا بۆتە کێشە لەناوچەکە".

هەر لەسەر پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریكا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس رایگەیاند: مانەوەی هێزەکانی ئەمریكا لەعێراق زەروورە.

لای خۆشییەوە ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە بەدواڕۆژی راگەیاند "لە ناوچەکە تیرۆر هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئەمریكا و هاوپەیمانانیش لەناوچەکە زەروورن بۆ دژایەتی کردنی تیرۆر، بۆیە سەرکردایەتی پارتی پێی باشە هێزەکانی ئەمریكا لەم قۆناغەدا لە هەرێم بمێننەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure