رەنگدانەوەی ئەمریكا و روسیا لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2675‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ


سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، بوڵام هێشتا یەكێك لە هەرە پۆستە گرنگەكانی ئەم كابینەیە ماوە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە.

لەساڵانی رابردوودا ئاشتی هەورامی كەسایەتی ئەوەڵ و ئاخیری ئەو وەزارەتە بووە و مامەڵە و كڕیار و شێوازی فرۆشتنی نەوت تەنیا خۆی و چەند كەسایەتییەكی زۆر كەم لێی ئاگادار بوون.

پاش دروستبوونی كابینەی نۆیەم دەنگوباسەكان وا بڵاوبوونەوە كە مەسرور بارزانی لەئەدای ئەو وەزارەتە رازی نییە و دەیەوێت بەمیكانیزمێكی نوێ ئەو دۆسێ هەستیارە بەڕێوەببرێت كە زیاتر دامەزراوەیی بێت.

دیاری نەكردنی وەزیری نوێ بۆ ئەو وەزارەتە نیشانەی ئەوەیە كە لەپشتی پەردەوە ململانێی توند هەیە لەسەر دیاریكردنی وەزیری نوێی سامانە سروشتییەكان.

لایەنێكی بەهێزی ناو پارتی دیمەكراتی كوردستان پێداگریی دەكات لەمانەوەی ئاشتی هەورامی لەو روانگەیەی كە شارەزاییەكی زۆری هەیە و كۆمەڵێك وردەكاریی لایە كە بابەتی زۆر هەستیارن و باشتر وایە دڵی نەڕەنجێنرێت بەتایبەت كە خۆشی بەئاشكرا دەڵێت گەر نەكرێمەوە بە وەزیر پۆستی راوێژكارم قبوڵ نییە و دەڕۆمەوە بریتانیا.

لەبەرامبەردا لایەنێكی دیكەی دەسەڵاتداری ناو پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە ئەو دۆسیە ستراتیژییە زۆر خراپ بەڕێوەبراوە و هیچ بنەمایەكی حوكمداری هاوچەرخی تێدا نییە و كڕیارەكان لەناو دەریا دیاریدەكرێن و سیستمێكی دیاریكراو نییە بۆ چاودێریكردن و ئاگاداربوون لەو كەرتە گرنگە كە سەرچاوەی هەرە گەورەی داهاتی هەرێمی كوردستانە.

شارەزایەكی بوارەكە بەدواڕۆژی راگەیاند "لایەنێكی ئەم كێشەیە رەنگدانەوەی كێشەی واشنتۆن و مۆسكۆیە لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان".

بەپێی ئەو سەرچاوەیە ئاشتی هەورامی هۆكارێكی بەهێزە بۆ ئاسانكاریی و هاوكاری كۆمپانیا روسەكان كە لەهەرێم سەرمایەگوزاریی دەكەن.

بۆیە واشنتۆن نا ڕاستەوخۆ پێداگریی دەكات لەسەر دوورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لەكاروبارەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure