وه‌زاره‌تی كار بە فەرمی مووچەی كرێكارانی كەرتی تایبەتی دیاریكرد

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 4539‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگەی هەولێر

وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بڕیاریدا مووچەی كرێكارانی كەرتی تایبەت لە 280 هەزار دینار كەمتر نەبێت و بەپێی ئەزموون و شارەزاییش مووچەكە زیاد دەكرێت.

بەمەبەستی رێكخستنەوەی كارو شێوازی كاركردنی كرێكاران لە كەرتی تایبەت، وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەیەكدا چەند بڕیارێكی دەركرد، كە بەپێی بڕیاری كۆ بوونەوەكە مووچەی مانگانەی كرێكار لە كەرتی تایبەت لە یەكەم مانگدا بڕی 280 هەزار دینار دەبێت. 

وەزارەتی كار بڕیاریشی داوە جگە لەوەی كە كرێكارێك لە یەكەم مانگدا مووچەكەی 280 هەزار دینار دەبێت، دواتر بەپێی ماوەی كاركردن و شارەزایی لە پیشەكەی خۆی مووچەكەی زیاتر دەكرێت بەجۆرێك بۆ هەر ساڵێك بڕێك پارە لە مووچەكەی زیاد دەبێت و شارەزابوون لە پیشەكەشی ئەمەش بڕێك پارە وەك دەرماڵە زیاد دەكرێت بۆ كرێكارەكە. 

یەكێك لە بڕیارەكانی وەزارەتی كار ئەوەیە كە هەر كاتێك كۆمپانیا یان شوێنێك لە كەرتی تایبەت گرێبەستی كاركردن لە گەڵ كرێكارێك واژوو دەكات، پێیوستە ئەو كۆماپانیا و شوێنی كارە دەستەبەری کار بۆ كرێكارەكە بكەن بۆ ئەوەی لە دوای 25 ساڵ كاركردن بۆ كرێكارەكە بە خزمەت ئەژمار بكرێت كە بڕی لە 5% لە كرێی كارەكە و بڕی لە 12% لەلایەن كۆمپانیاكە بۆ كرێكارەكە ئەژمار دەكرێت كە دواتر كۆی گشتی پارەكە بۆ كرێكارەكە دەگەڕێتەوە.

لای خۆشییەوە ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار بە دواڕۆژی راگەیاند: وەزارەتی كار لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی كرێكاران و پاراستنی مافەكانیان كە یەكێكی تر لەو بڕیارانەی دراوە كاتێك كرێكار لەسەر كارەكەی تووشی رووداوێكی نەخوازراو دەبێت و زیان بە جەستەی دەگات ئەوا لەو پارەیەی كە دەچێتە سەر دەستەبەری كۆمەڵایەتی چارەسەری پێویست بۆ كرێكارەكە ئەنجام دەدرێت.

وتیشی: "هەر كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت پابەندی ئەم بڕیارانە نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوەو لە رێگەی لیژنەیەكەوە چاودێری هەموو شوێنێكی كار لە كەرتی تایبەت دەكرێت بۆ ئەوەی ماف و گیانی كرێكاران پارێزراو بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure