​"له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاینده‌ی عێراق دیاریده‌كرێت"

هەواڵ / عێراق :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 661‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانتارانی ئیئتلافی فه‌تح كه‌ له‌لایه‌ن هادی عامرییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، ئاشكرای ده‌كه‌ن، له‌ چه‌ند كاتژمێری ئاینده‌دا، كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی عێراق راده‌سپێردرێت، سێ كه‌سیش ركابه‌ری ئه‌و پۆسته‌ ده‌كه‌ن.

 
محه‌مه‌د فه‌بان سه‌رۆكی فراكسیۆنی فه‌تح له‌ په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌مشه‌و 25ی كانونی دووه‌می 2020 له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، هه‌وڵه‌كان بۆ دیاری كردنی كاندیدێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاینده‌ به‌رده‌وامه‌، به‌پێی پێوه‌ر و میكانیزمه‌كان كه‌ گه‌ل چاوی له‌سه‌ریه‌تی.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌گه‌ڵ هاوپشكەكاندا هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م رێگه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سه‌پاندنی دیدگا به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی ده‌سته‌گه‌ری و كه‌سێتی.

هه‌ر ئه‌مشه‌و قوسه‌ی شه‌به‌ك په‌له‌مانتاری هاوپه‌یمانی (بونیات) له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، هێشتا سێ كه‌س بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاینده‌ی عێراق كێبڕكێی یه‌كتر ده‌كه‌ن.

ئاشكراشیكرد، هه‌ریه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی، عه‌لی شوكری، مسته‌فا كازمی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كێبڕكێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ كه‌سیان نه‌ له‌لایه‌ن قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و نه‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران و شه‌قامه‌وه‌ ره‌تنه‌كراونه‌ته‌وه‌، گفتوگۆی چڕوپڕ هه‌یه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ پێش ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار له‌ گه‌شته‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌، تا ئێستا هه‌ریه‌كه‌ له‌وانه‌ یه‌كسانن.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، تاهر دەڕاجی په‌رله‌مانتاری فه‌تح رایگه‌یاند، له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا، كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاینده‌ دیاریده‌كرێت و پێشكه‌شی سه‌رۆك كۆمار ده‌كرێت.
وتیشی: "رێككه‌وتنێكی سیاسی هه‌یه‌، له‌سه‌ر مواسه‌فاتی كاندیده‌كه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا سوپرازی ئاشكراكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاینده‌دا ده‌بینرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure