سەركردەیەكی كورد باسی كۆبوونەوەی ترامپ و نێچیرڤان بارزانی دەكات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1569‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال


محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "لەداهاتوودا گرنگی كۆبوونەوەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت، بەڵام دەبێت كورد لەنێوان ئەمریكا و ئێران باڵانس رابگرێت.

محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ 25ی كانوونی دووەمی 2020 لەمیانەی بەشداریكردنی لەساڵیادی گروپی هونەری لوڕ لەشاری سلێمانی بەمیدیاكانی راگەیاند: بەشداریكردنی شاندی كوردستان و سەرۆكی هەرێم لەكۆڕبەندی داڤۆس گرنگی تایبەتی هەیە لەهەموو رووەكانەوە، جگە لەئەوان شاندی عێراقیش كورد بوون كە هەریەك لەسەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك وەزیران بوون و وتی :"پێموانییە ئەوە رێكەوت بووبێت، بەڵكو پێموایە هەلومەرجەكە و گۆڕانكارییەكان و قەناعەتی دەسەڵاتدارانی جیهانیش وایكردووە كورد لەو چوارچێوەیەدا رۆڵی خۆی بگێڕێت، بۆیە پێموایە لەداهاتوودا كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەمریكا گرنگی خۆی دەبێت".

سەبارەت بەوەی لەداهاتوودا چ گرنگییەكی ئەو كۆبوونەوەیە دەردەكەوێت، ناوبراو روونیكردەوە :"پێموایە ئەوەی دەیبیستم برا عەرەبەكان تەنگە نەفەس بوون لەو مەسەلەیەدا، رەنگە وڵاتانی دیكەش بەو شێوەیە بن، بەڵام واقیعێك هەیە كە دەبێت دانی پێدا بنرێت ئەویش كورد و هەرێمی كوردستانە".

دەربارەی راگرتنی باڵانسی هاوسەنگی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەمریكا و ئێران دوای ئەو كۆبوونەوەیە، محەمەد حاجی مەحمود وتی :"پێموایە سەرۆكی هەرێم تائێستا توانیویەتی باڵانسەكان رابگرێت و رەنگە لەداهاتووشدا باڵانسەكە هەر بەمشێوەیە بێت، چونكە نابێت كورد پێداگیری لەسەر لایەك بكات".

لەڕۆژانی رابردوودا لەكۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس لەوڵاتی سویسرا، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە كە ئەوەش دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure