شێوازی هاتوچۆی خوێندکارێک زانکۆکەی ناچار دەکات هەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بدات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 25/01/2020‌ :: 1460‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، یوسف موڕاد


سەرمای تاقەت پڕوکێنی زستان نەبوەتە ڕێگر لەبەردەم زانا نەبەز و ڕۆژانە لەگەڵ دەرکەوتنی تیشکی خۆر بەپاسکیل چەند کیلۆمەترێک دەبڕێت تاکو دەگاتە شوێنی خوێندنی کە کۆلێژی ئادابە.


زانا نەبەز، خوێندکاری قۆناغی چوارە لەبەشی ڕاگەیاندنی کولێژی ئادابی زانکۆی کەرکوک، لەئێستا دانیشتوی گەڕەکی ڕاپەڕینی دووی شاری کەرکوکە و جیاواز لەهاوڕێیانی دیکەی ڕۆژانە بە پاسکیل هاتوچۆ دەکات و دەچێتە شوێنی خوێندنەکەی کە لەگەڕکی ڕێگای مەنسورە، ئەمەش سەرنجی زۆربەی هاوڕێیان و تەنانەت مامۆستاکانی ڕاکێشاوە بەڕادەیەک وایکردووە کە ڕاسپاردەیەک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک بکرێت تاوەکو پڕۆژەیەک ئەنجامبدرێت لەسەر ئەم دیاردەیە بەشێوەیەک کە لەکۆمەڵگای سەیادە و لەدەرگای سەرەکی زانکۆکەوە ژمارەیەک پاسکیل دابنێرت و ڕۆژانە خوێندکاران بە پاسکیل بەرەو بینای کولێژەکانیان بەڕێبکەون.



زانا نەبەز بە"دواڕۆژ"ی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: "ئەمە خولیای منە و هۆکارەکانی قەیرانی دارای نییە"

ئامانجیشم لە هاتوچۆکردن بە پاسکیل بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە یەکەمیان بۆئەوەی تەندروستییەکی باشم هەبێت لەهەمان کاتدا وەرزشێکی ڕۆژانەیە، دووەمیش دەمەوێ لەم ڕێگەیەوە هەوڵی بەکلتورکردنی لێخوڕینی پاسکیل بدەم تاوەکو بتوانین ژینگەیەکی تەندروستمان هەبێت و پارێزگاری لێبکەین.


وتیشی: "دەمەوێ ببمە پاڵنەرێک بۆ کەسانێکی هەژار، چی قوتابی بێت یاخود کاسبکار و بۆ هاتوچۆکردنیان بتوانن پاسکیلێک بۆخۆیان بکڕن تاکو ئەو بڕە پارەیەی مانگانە بۆ هاتوچۆکردن تەرخانی دەکەن بۆ یان بگەڕێتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، کە زۆر ئاسودەیە و ڕۆژانە هاتوچۆی ئاسایی خۆی پێدەکات. 


زانا جگە لەوەی خوێندکاری زانکۆیە، ڕۆژانە لەپاش تەواوبوونی دەوامی ئاسایی خۆی لەدوکانێکدا کاردەکات و نزیکەی کاتژمرێک دوورە لەماڵی خۆیەوە و بەهەمان شێوە بەپاسکیل دەچێتە سەرکارەکەی.


ئەم خولیایەی زانا نەبەز وایکرد زانکۆی کەرکوک بیر لەئەنجامدانی پڕۆژەیەک بکاتەوە لەناو زانکۆ بۆ بەکارهێنانی پاسکیل لەلایەن خوێندکارانی هەردوو ڕەگەز.



دکتۆر عومەر ئینجە ڕاگری کولێژی ئادابی زانکۆی کەرکوک بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی بینیمان یەکێک لەخوێندکارەکانی کولێژەکەمان بەناوی زانا نەبەز ڕۆژانە بەپاسکیل هاتوچۆ دەکات و بەکاری دێنێ بۆ گەیشتنی بە دەوامی ڕۆژانەی، وەکو ئەنجومەنی کولێژی ئاداب ڕاسپاردەیەکمان پەسەند کرد و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک کرا تاوەکو پڕۆژەیەک جێبەجێبکرێت لە کۆمەڵگای سەیادە، کە زانکۆی کەرکوکی لێیە و لەڕێگەی پڕۆژەکەوە لەدەرگای سەرەکی زانکۆ، پاسکیل دابنرێت و مامۆستا و خوێندکاران ڕۆژانە لەبری ئۆتۆمبێل لەناو زانکۆی کەرکوک بەپاسکیل هاتوچۆ بکەن. 



دەشڵێت: "پڕۆژەکە و بەکارهێنانی پاسکیل دیاردەیەکی باشە و ڕۆڵی دەبێت لە پاکڕاگرتنی ژینگە و پێشبینی دەکەم بەمزووانە وەڵامی ڕاسپاردەکەمان بدرێتەوە و پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


بەکارهێنانی پاسکیل لەشاری کەرکوک بۆ سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە وەکو نەریتێک وابووە و دانیشتوانەکەی سودیان لێی بینیوە، بەڵام بەتێپەڕاندنی کات و پێشکەوتنی هۆکارەکانی گواستنەوە ئەم دیاردەیە بەرەو لەناوچوون ڕۆشتووە و زانا نەبەزیش دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە دووبارە نەریتی بەکارهێنانی پاسکیل زیندوو بکاتەوە لەزانکۆی کەرکوک.


هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی پڕژەکە لەناو زانکۆی کەرکوک لەکاتێکدایە کە زانکۆکە نزیکەی 27هەزار خوێندکاری هەیە و بەشێکی زۆریان لە کۆمەڵگای سەیادەن و لەسەرەتای بنیاتنانیەوە ڕووبەرێکی گەورە بۆ ئەو کولێژانە دیاریکرا و خوێندکاران ڕۆژانە دەوامی خۆیانی تێدادەکەن، بەڵام بەهۆی فراوانیی زانکۆکەوە، وایکرد بیر لەئەنجامدانی پڕۆژەیەک بکرێتەوە تاوکو خوێندکاران لەناو زانکۆی کەرکوک بەپاسکیل هاتوچۆ بکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure