پیاوێك بۆ دەستكەوتنی ماددەی هۆشبەر هەوڵیداوە كاری "نابەجێ" بەژنەكەی بكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1041‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

بەرپرسانی ماددەی هۆشبەر و تەندروستی لەشاری سلێمانی هۆشداری لەبڵاوبوونەوەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەدەن، بەرپرسی ماددەی هۆشبەر لەئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "ئەگەر رێگری لێنەكرێت، بەكارهێنانی لەحاڵەتەوە دەبێتە دیاردە و باسی چیرۆكی پیاوێكیش دەكات كە لەپێناو دەستكەوتنی ماددەی هۆشبەر كاری نابەجێ بەژنەكەی بكات".


ئەمڕۆ 25ی كانوونی دووەمی 2020، ئەنجومەنی یەكبوونی كۆمەڵایەتی سلێمانی كۆنفرانسێكی بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر سازكرد، عەمید جەلال ئەمین، بەڕێوەبەری بەشی ماددە هۆشبەرەكان لەئاسایشی سلێمانی لەكۆنفرانسەكەدا رایگەیاند "لەساڵی 2017دا 310 بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون و دەستیش بەسەر 52 ملیۆن حەبی ترامادۆڵدا گیراوە، هەروەها لەساڵی 2018دا 240 كەس دەستگیر كراون، ساڵی رابردووش 291 كەس دەستگیركراون".

ناوبراو هۆشداری لەزیادبوونی بەكارهێنەرانی ئەو ماددەیە كرد و وتی: "رۆژانە گوێبیست دەبین كە لەناوچەكانی كوردستان 130 كیلۆ هێرۆیین دەستی بەسەردا گیراوە، یان 50 كیلۆ، یان 100 كیلۆ ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كوردستان بۆتە ترانزێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو ماددەیە بۆ وڵاتانی دەرەوە، تەنانەت ئەو ماددەیە لەبەرگە پشتی و دۆشەكی منداڵدا گیراوە".

وەك ئەو بەرپرسەی ماددە هۆشبەرەكانیش دەڵێت: "ئەوانەی بەكارهێنەرن، ئەوانەن كە بۆ جاری دووەم و سێیەم دەستیان پێكردۆتەوە، كە بەداخەوە لە 2017ەوە تا 2019 سێ لێبوردنی گشتی و لێبوردنێكی تایبەتی دەرچووە، ئەوانەی بەلێبوردن ئازادكراون دووبارە بەهۆی بەكارهێنانەوە دەستگیركراونەتەوە".

ئەو وتیشی: "لێتان ناشارمەوە ئەو ماددانە چۆتە نێو پێشمەرگە و بڵاوبۆتەوە، دوژمنان ویستیان بڕۆنە نێو زانكۆ و پەیمانگەكانیش، بەڵام نەمانهێشتووە".

عەمید جەلال باسی چیرۆكی ئافرەتێكی كرد كە مێردەكەی هەوڵیداوە بۆ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر كارێكی نابەجێی پێبكات و وتی: "ئافرەتێك هاتە لامان هاوسەرەكەی لەسەر بەكارهێنانی ئەو ماددەیە دەستگیركرابوو پرسیارمان لێكرد چۆن مێردەكەی دەستی پێكردووە، وتی "دوای فرۆشتنی كەلوپەلی ناوماڵ بۆ ئەو ماددەیە، مێردەكەی پێی وتووە دەبێت بڕۆیتە لای كەسێك ئەو ماددەیەم بۆ بێنیت، ئەویش وتویەتی پارەم پێبدە با بیهێنم، چونكە هیچ نەماوە بیفرۆشم، بەڵام مێردەكەی وتویەتی بڕۆ بۆ لای ئەو كەسە و چی پێوتیت جێبەجێی بكە و بۆم بێنە، كەواتە بەكارهێنەر وایلێهاتووە شەرەفی بۆ ماددەی هۆشبەر بفرۆشێت".

ناوبراو گلەیی لەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەبوو كە بەپێی پێویست بەهانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو ماددەیە نەچوون، چونكە ئەوان لەساڵی 2017ەوە داوای كردنەوەی سەنتەرێكی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ماددەیەیان كردووە، بەڵام تائێستا نەیانكردووە، بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، بەكارهێنەری ئەو ماددەیە دەبێتە دیاردە.

د. سامان ئەنوەر فەرەج، سەرپەرشتیاری نەخۆشانی  ئالوودەبوو لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ دواڕۆژ رایگەیاند "لەناو سەنتەری چارەسەركردنی نەخۆشییە دەرونییەكان بەشی تایبەت هەیە بۆ پاككردنەوەی ئالودەبووان، لەوێ خەڵك هەیە خۆیان دێن و دەڵێن ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بوون تا چارەسەر بكرێن یان دەڕواتە كلینكی پزیشكێكی دەروونی و رەوانەی لای ئەوان دەكرێت".

د. سامان روونیكردەوە: هاتنی ئالوودەبووان ساڵانە زیاد دەكات و بەرەو دیاردە دەڕوات، چونكە هەر كەسێكی ئالوودەبوو بۆی هەیە لەساڵێكدا پێنج كەس تووش بكات، لەساڵی 2017دا 41 كەس سەردانیان كردوون، لەساڵی 2018دا بۆتە 69 نەخۆش، ساڵی رابردوو 95 نەخۆش بووە، هۆكاری زیادبوونەكەش ئەوەیە خەڵك بۆ چارەسەربوون، رۆشنبیری پەیدا كردووە.

ئەو پزیشكە باسی لەوەكرد: ئەوانەی لەزیندان دەستگیر دەكرێن بەهۆی ئەوەی لەزیندانن ئەو ماددەیەیان دەستناكەوێ، بۆیە وازیان لێهێناوە و پێویست بەداخڵكردن ناكات لەسەنتەرەكەیان، بەڵام زۆربەی ئەوانەی دێن پێش دەستگیركردنیانە و خۆی ئالودەیە، بەپێی یاساش ئەو كەسانەی بۆ چارەسەر دێن سزا نایانگرێتەوە.

د.سامان وتی: "لەجیهان ئەو كەسانە بەتاوانبار دانانرێن، بەڵكو وەك نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بەڵام لێرە تائێستا سەنتەرێك نییە، بەڵكو پێویستە لەزیندان بەشی دادوەریی دەروونی هەبێت تا لەو ئالودەبوونە رزگار دەكرێن، چونكە یەكێك لەهۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر زیندانەكانن".

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: بەبەردەوام داوایان لەمامۆستایانی ئاینی كردووە لەمینبەرەكانەوە داوا لەهاوڵاتیان بكەن لەبەكارهێنانی ئەو ماددەیە دوور بكەونەوە، بەڵام مامۆستایان جەخت دەكەنەوە كە ئەوانەی سەردانی مزگەوت دەكەن بازرگان و بەكارهێنەری ئەو ماددەیە نین.

 

نەقشبەندی پێشنیاری بۆ خێرخوازان كە مزگەوت دروست دەكەن ئەوە بوو لەمەودوا لەهەر شوێنێك پێویست بوو سەنتەرێك بۆ چارەسەری ئالوودەبووانی ئەو ماددەیە بكەنەوە تا چارەسەری پێویست وەربگرن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure