سەدان کرێکار خانەنشین کراون

هەواڵ / ئابوری :: 25/01/2020‌ :: 269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاماری ژمارەی کرێکارانی خانەنشینکراوی کەرتی تایبەتی راگەیاند و بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار، دەڵێت: "کرێکارانی کەرتی تایبەت ھاوشێوەی کەرتی حکومی خانەنشین دەکرێن و تائێستا زیاتر لە 700 کرێکار خانەنشین کراون".

عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە دواڕۆژی راگەیاند: "ھەر کرێکارێک رێنماییەکان بیگرێتەوە و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کردبێت و کاتی خانەنشینی ھاتبێت، ھاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی خانەنشین دەکرێت و مانگانە مووچەکه‌ى وەردەگرێت".

سەبارەت بە رێنمایی بۆ کرێکاران تا سوودمەند بن لە خانەنشینی، عارف حیتۆ وتى: "هەر کرێکارێک بیەوێت خانەنشینی بیگرێتەوە، دەبێت خۆی زەمان بکات، کاتێک پیاو تەمەنی گەیشتە 60 ساڵ و ژنیش گەیشتە 50 ساڵ و بیست ساڵ خزمەتی کرێکاریی هەبێت، واتا کاری کردبێت، ئەوا بەپێی یاسای 39ی ساڵی 1971 و یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2012 خانەنشین دەکرێن و ماف و ئیمتیازاتیان پێدەدرێت، مووچەشیان ھاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتە. کرێکار دەبێت خۆی زەمان بکات واتا بیمە بدات کە 17%ی مووچەکەیەتی ئەو17%یە، 5%ی کرێکارەکە و 12%ی خاوەن کارەکە دەیداتە حکومەت، بەڵام لە خانەنشینییەکەدا تەواوی پارەکە بۆ کرێکارەکە دەبێت".

سەبارەت بەو کرێکارانەی کە گیان لەدەستدەدەن یاخود بەهۆی کارەکەیان دووچاری رووداوێک دەبن و پەککەوتە دەبن، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ده‌ڵێت: "هەر کرێکارێک کە خۆی زەمان کردبێت ئەوا لەکاتی گیان لەدەستدانیدا خانەنشینی بۆ کەسوکارەکەی دەبڕدرێتەوە، هەر کرێکارێکیش کە لە کارەکەی تووشی رووداوێک بێت و پەکی بکەوێت، بەپێی راپۆرتی پزیشک و لیژنەی تەندروستی بەشێک لە خانەنشینی وەردەگرێت".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure