دواڕۆژ چۆنیەتی دیاریکردنی ئەندامانی تیمی هەرێم بۆ داڤۆس ئاشکرا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 25/01/2020‌ :: 1490‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆڕبەندی ئابوری داڤۆسی کرد بەشاندێکی رەسمی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان ئەندامان و لایەنگرانی هەندێك لایەن پرسیاری ئەوەیان وروژاند کە بۆچی لەشاندەکەی نێچیرڤان بارزانیدا جێگرەکانی کە یەکێتی و گۆڕانن ئەندامی ئەو شاندە نین؟ لەوبارەیەوە ئەندامێکی شاندەکە لە داڤۆسەوە روونکردنەوە بۆ دواڕۆژ دەدات.


ئەندامانی تیمەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە دیداری ئابوری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا پێکهاتبوون لە (نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، فەلاح مستەفا راوێژکاری نێچیرڤان بارزانی لەسەرۆکایەتی هەرێم، فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، شێرزاد سوڵتان بەرپرسی پڕۆتۆکۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عومەر محەمەد، بەرپرسی پرۆتۆکۆڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و هەروەها سامی ئەرگوشی، سکرتێری رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی و دوو کەسی دیکە کە سەرجەمیان لە پارتی دیموکراتی کورستانن).

ئەمڕۆ شەممە 25ی کانونی دووەمی 2020 سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ دواڕۆژ دەڵێت:   "سەبارەت بە شاندەکە بێگومان لە حاڵەتی ئاساییدا تەنیا کەسە سەرەکییەکه بانگهێشت دەکرێت بۆ دیدارەکە وەک کەسایەتی سەرۆک، ئەویش وەک خۆی ستافێک دەبات بۆ هاوکاریکردن لەگەڵیدا بەتایبەت بۆ کاروباری ئامادەکاری و هاوکاریکردنی لە کۆبوونەوەکان و یەکخستنی کۆبوونەوەکان و پیێشوازی و پڕۆتۆکۆل لەکاتی دیدارەکاندا".  

دەشڵێت: "راستە دیاریکردنی ئەندامان لەدەسەڵاتی سەرۆکە، بەڵام لە کاتی ئاساییدا بەپێی بنەما پڕۆتۆکۆلە جیهانییەکان کۆمەڵێک کەس دەبێت لەشاندەکەدا هەبن وەک (سەرۆکی تیمەکە، راوێژکاری کاروباری دەرەوەی سەرۆک و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تیمی پڕۆتۆکۆل) ئەوەش خۆی دیاریدەکات و بۆیان هەیە بەشدار بن  لە یەک بۆ سێ کۆبوونەوە کەمتر یان زیاتر، بەڵام بەپێی پرۆتۆکۆل هەر ئەوەندەیە و هەر ئەوانەش دەتوانن بەشداربن لەکۆبوونەوەکەدا، بۆیە سەرۆکی هەرێم ئەم کەسانەی لەگەڵ بوو لە دیداری داڤۆس". 

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure