ئه‌مڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی عەلى كیمیاوی-یە

هەواڵ / عێراق :: 25/01/2020‌ :: 106‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

رۆژى 25ی کانونی دووەمی 2010 ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ له‌ بیره‌وه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كاندا رۆژێكى له‌ بیر نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ تاوانباره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سێداره‌درا.


ئه‌مڕۆ كه‌ 10 ساڵ به‌سه‌ر له‌ سێداره‌دانى (عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید) ناسراو به‌ عه‌لى كیمیاویدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ش ئه‌مڕۆ به‌ رۆژێكى مێژوویى ده‌زانن.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ 10 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر به‌ سزا گه‌یاندن و له‌ سێداره‌دانى عه‌لى كیمیاوى كه‌ بووه‌ هۆی جه‌رگسوتانی دایكانمان و بریندار بوون و ژه‌هراوی بوونی چه‌ندین لاو و گه‌نج و پیر و ژنان و منداڵانی سنووره‌كه‌مان، هۆكاری خاپور كردنی شارێك به‌ گوند و دێهاته‌كانیه‌وه‌ و جیبه‌جێكه‌ری هه‌وڵی پلانی سڕینه‌وه‌ی نیشتمانێك بوو، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ له‌ مێژووی ئێمه‌ی قوربانیاندا به‌ رۆژێكی كه‌م تا زۆر سوكنایی هاتنە به دڵماندا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆى له‌ سێداره‌دانى ئه‌و تاوانباره‌وه‌ به‌شێك له‌ خه‌مەکانمان ره‌وییه‌وه‌، به‌ڵام تا هه‌نوكه‌ش خوێن له‌ برینمان ده‌چۆڕێت، بۆیه‌ پێمان وایه‌ تا سه‌رجه‌م تاوانباران و هاوكاریكه‌رانیان نه‌گه‌نه‌ سزای یاسایی خۆیان، رۆحی شه‌هیدانمان ئاسوده‌ نابێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ له‌ناوچوونی هه‌زاران هاوشێوه‌ی (عەلی حەسەن مەجید) ناگاته‌ نیو دڵۆپ له‌ خوێنی شه‌هیدانمان و چركه‌یه‌ك له‌ ئازاری به‌ركه‌وتوانمان.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: 25/1 له‌ بیره‌وه‌رى ئێمه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان و قوربانیانى كیمیاباراندا به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و تاوانباره‌ى له‌ رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا له‌ سێداره‌درا جیبه‌جێكاری هه‌وڵی پیلانی سڕینه‌وه‌ی نیشتمانێك بوو، بۆیه‌ جێگەى خۆیه‌تى كه‌ قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى شه‌هیدانیش بكرێته‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure