حكومه‌ت و په‌رله‌مان 150 كۆمپانیا و دوو هه‌زار حه‌وت سه‌د كه‌س ناچار به‌ قه‌رزدانه‌وه‌ ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1020‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

بڕیارێكى حكومه‌تى هه‌رێم و یاساى چاكسازى كه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌رچوو 150 كۆمپانیا و 2700 وه‌به‌رهێنه‌رى هه‌رێم ناچار به‌ پێدانه‌وه‌ى قه‌رز ده‌كات له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا.


ئه‌و كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ى كه‌ قه‌رزارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانن، پێویست بوو تاوه‌كو 20ى ئابى 2019، قه‌رزه‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام دواى ته‌واوبوونى ئه‌و واده‌یه‌ كۆمپانیاكان پابه‌ندنه‌بوون به‌ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانیان، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ كۆتایى ساڵى پار ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم له‌باره‌ى قه‌رزه‌كانى لاى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ران دواى وه‌رگرتنى داتا و زانیارى له‌ وه‌زاره‌تى دارایى واده‌ى كۆتایى بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان دیاریكردووه‌ كه‌ سه‌ره‌تاى شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵه‌.

به‌پێى ماده‌ى 13 و بڕگه‌ى سێهه‌مى یاسایى چاكسازى پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى رێككارى یاسایى پێویست بگرێته‌به‌ر بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌ بازرگانییه‌كان و پێداچوونه‌وه‌ به‌و موڵك و ماڵانه‌ بكرێت وه‌ك گه‌ره‌نتى بۆ دانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ى دانراوه‌.

بەپێی بڕیارى ژمارە (105)ی ساڵى 2017 كه‌ له‌ 11ى ئایار ده‌رچووه‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ پشتبه‌ستن به‌ (یاسایى ژماره‌ 7ى ساڵى 2017  تایبه‌ت به‌ راكێشانى مایه‌ له‌ رێگاى قه‌رزكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی قه‌رزی گشتی و پابه‌نده‌ داراییه‌كانی هه‌رێم دامه‌زراند.

به‌پێى دواین داتا و ئاماره‌كان، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕى (741) ملیار دینار قه‌رزى داوه‌ته‌ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ران و به‌ڵێنده‌ران به‌شێوه‌ى قه‌رزى مه‌كشوف و خصم (كۆمپیاله‌) و قه‌رزى نه‌قدى، ئه‌وانه‌شى سوودمه‌ندبوون (2.774) دوو هه‌زار و حه‌وت سه‌د و حه‌فتا و چوار كه‌س و  150 كۆمپانیان. 

قه‌رزه‌كانیش له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شبووه‌: 447 ملیار دینار له‌ هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌ به‌ فائیده‌ى 11%.  267 ملیار له‌ سلێمانى وه‌گیراوه‌ به‌ فائیده‌ى 3% بۆ 8% به‌ شێوه‌ى قه‌رزى نه‌قدى. حه‌وت ملیار دیناریش له‌ دهۆك وه‌رگیراوه‌ به‌ فائیده‌ى 11%.

به‌پێى داتاكانى وه‌زاره‌تى دارایى نزیكەی (150) كۆمپانیا‌ لە وەرگرتنی ئەو قەرزەی حكومەت كە لەبنەڕەتەوە بۆ مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بووە بە هاووڵاتیان، زۆرترین بڕی قەرزەكە سەرمایەدارێكی هەولێره‌ كە بڕەكەی (240 ملیار) دینار بووه‌.

به‌پێى نوسراوێكى وه‌زیرى دارایى، له‌ دوى ته‌وابوونى ئه‌و ماوه‌یه‌ رێككارى یاسایى ده‌گێرێته‌به‌ر به‌پێى یاسایى ژماره‌ (56ى ساڵى 1997) و یاساى ژماره‌ (45ى ساڵى 1980)، به‌مه‌به‌ستى فرۆشتنى ئه‌و موڵكانه‌ى كه‌ ره‌هن كراون به‌رامبه‌ر قه‌رزه‌كان، ئه‌مه‌ش پاش پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى باڵا به‌ ئه‌ندامێتى نوێنه‌رى راوێژكارى یاسایى له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و و نوێنه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیى بانكه‌ بازرگانییه‌كان و نوێنه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتیى كاروبارى یاسایى و نوێنه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتیى كاروبارى باج و خانوبه‌ره‌ى میرى.

به‌پێى نوسراوه‌كه‌، پێویسته‌ به‌شێوازى چه‌كى بانكى بگێڕدرێته‌وه‌ به‌پێى رێنمایى په‌یڕه‌وكراو له‌ بانكه‌ بازرگانییه‌كان و له‌ حاڵه‌تى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانیش پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌ماهه‌نگ بن بۆ جێبه‌جێكردنى فرۆشتنى موڵكه‌كان به‌ تایبه‌ت وه‌زاره‌تى داد.

بەپێی زانیارییەكان ئێستا زۆرێك لەوانەی كە قەرزەكانیان لە حكومەت وەرگرتووە، ئەو موڵكانەیان بە خەڵكانی تر فرۆشتوەتەوە كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە، هەندێك لەوانە یەكەی نیشتەجێبوونی خەڵكیان وەكو بارمتە داناوە، سەرباری ئەمە، هەندێك لەوانەی كە قەرزەكەیان وەرگرتووە، بەهای ئەو موڵكانەی كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە كەمترە لە بڕی ئەو قەرزەی كە وەریانگرتووە.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure