گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندان روو له‌ داخرانن و حكومه‌ت رێگا و پرده‌كان ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 25/01/2020‌ :: 324‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

دوای خۆپیشاندانه‌كانی دوێنی لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌در و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ی جادرییه‌ی به‌غدا و، پشتكردنه‌ خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر و پارێزگاكان له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی هێرشى كراوه‌ته‌سه‌ر، گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندانی به‌غدا و پارێزگاكان، روو له‌ داخران و حكومه‌ت شه‌قامه‌ گشتییه‌كان و پرده‌كان ده‌كاته‌وه‌.


به‌پێی میدیا عێراقییه‌كان و سۆشیال میدیای چالاكوانانی خۆپیشانده‌ران، هه‌ر شه‌وی رابوردوو به‌شێك له‌ مه‌تعه‌م توركی كه‌ به‌ (شاخی ئوحود) ناسرابوو سوتێنرا، هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی پارێزگای به‌سره‌، هێرشیان كرده‌سه‌ر، گۆڕه‌پانی خۆپیشانده‌رانی پارێزگای به‌سره‌، ژماره‌یه‌ك چادریان سوتان و به‌زۆر گۆڕه‌پانه‌كه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران چۆڵكرد، له‌ پارێزگای میسانیش ئه‌و ده‌روازه‌ و شه‌قامانه‌ی ده‌گه‌نه‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كان كرانه‌وه‌، خۆپیشاندانه‌كان كۆتایی هات، له‌ نه‌جه‌فیش گۆڕه‌پانی سه‌دریین له‌ خۆپیشانده‌ران چۆڵكران.

محه‌مه‌د حه‌مید به‌یاتی، سكرتێری تایبه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ى كانونى دووه‌مى 2020) رایگه‌یاند: هێز و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا، ئه‌مڕۆ پردی سنه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو به‌ربه‌سته‌ كۆنكریتییه‌كان هه‌ڵده‌گرن له‌به‌رده‌م هاتوچۆی هاووڵاتیاندا، تائێستاش چه‌ندین پردی گرنگ كراونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی میدیاكان، هه‌ریه‌كه‌ له‌ پرده‌كانی (وه‌سبه‌، ته‌یه‌ران، قورتوبه‌ و ئەحرار)ى شه‌قامی خێرایی محه‌مه‌د قاسم كراونه‌ته‌وه‌، دوای كردنه‌وه‌ی پردی سنه‌كیش هه‌موو چادره‌كانی سه‌ر ئه‌و پرده‌یان سوتاند.

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure