مه‌حمود عوسمان: مه‌ترسیى گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یه‌ و كورد بێ زیان لێیده‌رناچێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 25/01/2020‌ :: 15123‌ جار بینراوە
مه‌حمود عوسمان

دواڕۆژ، سامان قوبادى

"یه‌كتربینینى سه‌رۆك كۆمارى عێراق و سه‌رۆكى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ترامپ هیچ بایه‌خێكى ئه‌وتۆى نییه‌، چونكه‌ سیاسه‌تى ترامپ به‌ به‌ده‌قه‌ ده‌گۆڕێت" ئه‌مه‌ قسه‌ى دكتۆر مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌دارى كورد-ه‌ و له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌شڵێت: "مه‌ترسیى گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یه‌ و یه‌كگرتوویى حیزبه‌ كوردستانییه‌كانیش له‌ ئاستى ئه‌و مه‌ترسیانه‌دا نین". 
 
دواڕۆژ: دۆخى سیاسى عێراق و هه‌رێم چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
مه‌حمود عوسمان:
ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ عێراقدا ده‌گوزه‌رێت مه‌ترسیداره‌، به‌هۆى ده‌ستتێوه‌ردانى ده‌ره‌كى، هه‌روه‌ها سیاسییه‌كانى ئێستاى عێراق تواناى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانیان نییه‌، ته‌نانه‌ت دانانى كه‌سێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ساحه‌ى سیاسى عێراق ده‌گوزه‌رێت رووبه‌ڕووى چاره‌نووسێكى خراپمان ده‌كاته‌وه‌.

دواڕۆژ: سه‌رۆك كۆمارى عێراق و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ له‌ داڤۆس كۆبوونه‌ته‌وه‌، پێتوایه‌ هیچ ئه‌نجامێكى باشى هه‌بێت؟
مه‌حمود عوسمان:
هیچ گرنگییه‌كى نییه‌، له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌رۆك كۆمارى عێراق نه‌ده‌بوایه‌ بچوایه‌ بۆ داڤۆس، چونكه‌ عێراق هیچى نییه‌ تا له‌وێ باسى بكات، به‌ڵكو دۆخى له‌ناوخۆدا تێكچووه‌ و ئاڵۆزه‌، ده‌بوایه‌ لێره‌بوایه‌، نه‌چوونى باشتربوو. له‌كاتێكدا له‌ داڤۆس ترامپ ده‌بینێت، نیوه‌ى عێراقییه‌كان داواده‌كه‌ن نه‌یبینێت، بۆیه‌ كێشه‌كان قووڵترده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ى ترامپ و نێچیرڤان بارزانى كارێكى ئاساییه‌، چونكه‌ هه‌رێم ئارامه‌ و كێشه‌ى كه‌متره‌، ده‌كرێت باسى دۆخى كورد بكات له‌گه‌ڵیدا، هه‌رچه‌نده‌ بینینى ترامپ گرنگییه‌كى ئه‌وتۆى نییه‌، چونكه‌ ترامپ دواى بینینى نێچیرڤان بارزانى كه‌سێكى تر ببینێت قسه‌یه‌ك یان تویتێكى تر ده‌كات، به‌ ده‌قه‌ قسه‌كانى ده‌گۆڕێت.

دواڕۆژ: پێتوانییه‌ یه‌كتربینینى به‌رپرسانى هه‌رێم  و سه‌رۆكى ئه‌مریكا، ئێران تووڕه‌ بكات؟
مه‌حمود عوسمان:
پێویسته‌ كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم گه‌ڕایه‌وه‌، سه‌ردانى ئێران-یش بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى ئه‌و وڵاته‌ كۆببێته‌وه‌، چونكه‌ ئێران و ئه‌مریكا دوو لایه‌نن عێراقیان كردووه‌ به‌ مه‌یدانى شه‌ڕ، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا هه‌رێم پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌كى باشى هه‌بێت، ناكرێت لایه‌نێك ببینیت و ئه‌وى تریان بكه‌یت به‌ دوژمنت، كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌مان بۆ دروستده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ دۆخى عێراق جیاوازه‌.

دواڕۆژ: باس له‌ پشتیوانیى ئه‌مریكا بۆ كورد ده‌كرێت به‌تایبه‌ت دواى رووداوه‌كانى ئه‌مدواییه‌ى عێراق، به‌و هۆیه‌وه‌ دووباره‌ باسى ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیى هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ده‌ڵێیت چى؟
مه‌حمود عوسمان:
ئه‌مریكا جێى متمانه‌ نییه‌، كورد خۆشباوه‌ڕه‌ به‌ یه‌ك قسه‌ راى ده‌گۆڕێت. ئه‌مریكا هیچ پشتیوانییه‌كى كورد ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ راهێنان به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕ بكه‌یت، به‌ڵام سیاسییه‌ن هیچیان بۆ كورد پێنییه‌، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌ڵێت: هێزه‌كانمان ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان. ئه‌وكات كێشه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئێره‌وه‌، ته‌نیا تووشى شه‌ڕ و كێشه‌مان ده‌كات.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ زیادكردنى هێزى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێم رووبه‌ڕووى مه‌ترسیمان ده‌كاته‌وه‌؟
مه‌حمود عوسمان
: زۆر خراپه‌ بۆ كورد و مه‌ترسیداره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت هێزه‌كانى بهێنێته‌ هه‌رێم، پێش ئه‌وه‌ با بمانكات به‌ ده‌وڵه‌ت، وه‌كو چۆن باشورى سودان و كۆسۆڤۆى كرد به‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كى بوون به‌ده‌وڵه‌تیشیان نه‌بوو. ئه‌وان ئێستایش رایان وایه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌ عێراق و كێشه‌كانمان له‌ به‌غدا چاره‌سه‌رده‌بێت و ده‌ستورى عێراق زه‌مانى ئێمه‌یه‌، بۆیه‌ هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه‌ له‌ سیاسه‌تى ئه‌مریكا، ناكرێت باوه‌ڕى پێبكه‌ین. كوردى توركیا به‌ هه‌زارانیان ده‌كوژرێن و ده‌گیرێن، به‌ڵام ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌-دایه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ تیرۆریستن. له‌ سوریا كشایه‌وه‌، به‌ڵام بۆ نه‌وته‌كه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ جنێف بڕیارى چاره‌نووسساز له‌باره‌ى سوریا-وه‌ ده‌درێت و رێگه‌نادرێت وه‌فدى كوردى به‌شداربێت، بۆیه‌ سیاسه‌تى ئه‌مریكا نه‌گۆڕاوه‌ و شتێكى تایبه‌تى بۆ كورد پێ نییه‌.

دواڕۆژ: به‌پێویستى ده‌زانیت سه‌ركردایه‌تى سیاسیى كورد له‌م قۆناغه‌دا چۆن هه‌نگاو بنێت؟
مه‌حمود عوسمان:
پێویسته‌ یه‌كگرتوو بێت، له‌ئێستایشدا تاڕاده‌یه‌ك ئه‌مه‌ ده‌بینرێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك مامه‌ڵه‌ بكات به‌تایبه‌ت ئێران و ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانى باشتر بكات له‌گه‌ڵ به‌غدا و كوتله‌ سیاسییه‌كان، ده‌بێت حساب بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك بكرێت كه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ سه‌ركردایه‌تى سیاسیى كورد بتوانن هه‌رێمى كوردستان له‌ مه‌ترسییه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ بپارێزن؟ 
مه‌حمود عوسمان:
زه‌حمه‌ته‌، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو بن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن تا ئاستێك ده‌توانن زه‌ره‌ر بۆ كورد كه‌مبكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ى له‌ عێراقدا رووده‌دات زیانى بۆ كورد ده‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌ ململانێكاندا، ده‌بێت بێلایه‌ن بێت و كوردستان نه‌بێته‌ شوێنى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ململانێكانى ده‌وڵه‌تان، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و ئێران ده‌یانه‌وێت هه‌رێم راكێشن به‌لاى خۆیاندا.

دواڕۆژ: چۆن مه‌ترسییه‌كان كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌؟
مه‌حمود عوسمان:
ترامپ له‌ داڤۆس-ه‌، له‌ناو فڕۆكه‌دا سیاسه‌تى ده‌گۆڕێت و تویتێك ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌مریكاى ترامپ جێگه‌ى متمانه‌ نییه‌، به‌ڵام ناچارین په‌یوه‌ندیى باشمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌بێت، نایشكرێت په‌یوه‌ندییه‌كى لاوازمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێت. ره‌نگه‌ ئه‌مریكا له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌مێنێت، به‌ڵام ئێران تاهه‌تایه‌ دراوسێمانه‌، له‌و كێشه‌ و مه‌ترسییانه‌ى له‌ عێراق-دا هه‌ن ته‌نیا ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ زیانه‌كانى بۆ كورد كه‌متربكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا هه‌رێمى كوردستان-یش به‌ده‌رنابێت له‌و كێشه‌ و مه‌ترسییانه‌. له‌ عێراقدا سه‌قامگیریى نه‌مێنێت بۆ ئێمه‌یش خراپه‌، چونكه‌ پرسه‌ سیاسى و داراییه‌كانمان په‌یوه‌ستن به‌ به‌غدا-وه‌. پێویسته‌ به‌رپرسانى هه‌رێم رۆڵیان هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراق، بۆ ئه‌وه‌یش له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران و كوتله‌ و مه‌رجه‌عیه‌ت له‌ نه‌جه‌ف په‌یوه‌ندى و گفتوگۆ هه‌بێت، نابێت لێیان دووربكه‌ویته‌وه‌، به‌ڵكو هاوسه‌نگى رابگرین.

دواڕۆژ: ئایا ئه‌و یه‌كگرتوویى و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ ده‌بینیت له‌ناو حیزبه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم؟
مه‌حمود عوسمان:
تائاستێكى كه‌م هه‌یه‌، له‌ ژێره‌وه‌ هه‌ر حیزبه‌ و ئه‌جێنداى خۆى هه‌یه‌ و دژى یه‌كن، به‌ڵام یه‌كگرتوویى و یه‌كهه‌ڵوێستیى حیزبه‌كان له‌ئاستى ئه‌و مه‌ترسییانه‌دا نییه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى كورد ده‌بنه‌وه‌.  

پ: ل. م
ب: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە