خوێندنی باڵا و چەند سەرنجێک؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 108‌ جار بینراوە
سه‌عدى مسته‌فا*

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمساڵ بە فەرمی بڕیاریداوە کە خوێندنی (دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا)  لەسەرجەم زانکۆکان بکاتەوە، بۆئەم مەبەستەیش  پێنج هەزار کورسیی بڕیاری لێدراوە بۆ هەر سێ بەشەکەی خوێندنی باڵا. 

تا ئێرە جێگای دەستخۆشیە، بەڵام ئەوەی جێی تێبینیە لای کەسانی پەیوەندیدار بەو بابەتە، ئەو چەند تێبینیەی خوارەوەیە.

1- پێویستە دابەشکاریی کورسییەکان بۆ کۆلیژەکان و بەشەکان بەگوێرەی پێداویستی کۆمەڵگه‌ بێت، واتە ئایا کۆمەڵگه‌ی ئێمە و زانکۆکان چیان پێویستە؟ کە پێناچێت ئەو دابەشکارییه‌ بە پلان کرابێت.

2- لەکاتی پێشکەشکردن بڕە پارەیەک وەردەگیرێت بە ناوی رسوماتی پێشکەشکردن کە بڕەکەی سەدوپەنجا هەزار دینارە، ئەو بڕە پارەیە رێژەکەی زۆرزۆرە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە ئەوانەی کە دواتر لە پێشبڕکێیەکە ناویان دەرناچێت ئەوا پارەکەیان  بۆ ناگێڕدرێتەوە، کە ئەگەر بە زمانێکی بیرکاری حسابێکی بۆ بکەین، بڕی پارەی وەرگیراو بەو شێوەیە دەبێت: پێنج هەزار کورسیی بڕیاری لێدراو، ئەگەر بەلایەنی کەمەوە دەهەزار کەس داخوازیینامە پێشکەش بکەن، ئەوا کۆی پارەی وەرگیراو بەو شێوەیە دەبێت
 10000x150000=1500000000کە دەکاتە ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار.
 
ئەگەر بەراوردێک بکەین بە زانکۆکانی وڵاتانی تر کە نزیکن لە ئێمەوە، ئەگەر (تورکیا) و(ئێران) بە نموونە وەربگرین، کە بە گوێرەی بەدواداچوونمان دەبینین ئەوان تەنیا لەکاتی وەرگیرانی تەواوی فێرخوازەکە ئینجا رسوماتی لێوەردەگرن،  رێژەکەیشی زۆر کەمترە لە هی ئێمە. 

3- بەشێک لە کورسییەکان تەرخانکراوە بە سیستمی پارالێل، واخەریکە کاتی پێشکەشکردن تەواو دەبێت بەڵام تائێستا خوازیارانی ئەو بوارە نازانن نرخی بەشە پارالێلەکەی ئەو خوێندنانە چەندە، ئەمەیش خوازیارانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

4- لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ژمارە (5 و 6 و 7)ی ساڵی (2019)، بۆ هەر 3 جۆری خوێندنەکە کورسییەکان دابەشکراون بۆ بێ پارە و پارالێل ، بەڵام لەئێستادا هەموو کورسییەکانی(دبلۆمی باڵا)  بووه‌تە پارالێل، کە ئەوەیش پیچەوانەی رێنماییەکانی خۆیانە.
 
بۆیە لەکۆتاییدا پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێداچوونەوە بەو رێنماییانەدا بکاتەوە، بەجۆرێک کە لەبەرژەوەندیی فێرخوازان و ئارەزوومەندانی ئەو بوارە بێت. 

لێرەوەیش داوا لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم، بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن، چونکە ئەوان نوێنەری هاووڵاتیانن لە پەرلەمان لەلایەک، لەلایەکی تریش کارێکی سەرەکییان بەدواداچوونە بۆ کاری وەزارەتەکان و فەرمانگە میرییەکان. 

* ئەندازیار و شارەزا لە سیستمەکانی وەرگرتنی زانکۆیی.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure