هێزێكى زۆرى ئه‌مریكى گه‌یشته‌ شارێكى كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 15012‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

شەوی رابوردوو هێزێکی سەربازی ئەمریکا لەرێگەی سلێمانیەوە چونەتە نێو شاری کەرکوک و دواتر بەرەو سەربازگەی k1 رێگەیان گرتوەتەبەر، سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌تیش هۆكارى جوڵه‌پێكردنى ئه‌و هێزه‌ ئاشكراده‌كات.


زیاتر لە سەرچاوەیەکی ئەمنی (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ى كانونى دووه‌مى 2020) زانیاریەکەیان بۆ دواڕۆژ پشتراستکردوەتەوە و ئاشكرایانكرد: نزیک کاتژمێر ٧ی شەوی رابردوو بۆ یەکەمجار هێزەکەی ئەمریکا بینراوە لەنزیک ناوچەی چیمەن له‌سەر رێگەی کەرکوک-سلێمانی.

یەکێک لەو سەرچاوە ئەمنیانە ئەوەی وت: "هێزە ئەمریکیەکە بۆ ماوەیەک لەسەر ئەو رێگایە بڵاوبونەتەوە و دواتر بەرەو سەنتەری شاری کەرکوک بەرێکەوتون".

سەرچاوەیەکی دیکە کە سەرپەرشتی مەفرەزەیەکی پۆلیس دەکات رایگه‌یاند: "لەسەر رێگەی عەمەل شەعبی هێزەکەی ئەمریکامان بینی کە بەرەو سەربازگەی k1 دەڕۆیشتن".

وتیشى: "تاوەكو 25 ئۆتۆمبێلم ژمارد کە سەرجەمیان لەجۆرەکانی هەمەڕ و هامڤی بوون".

دواڕۆژ هەوڵیدا لەبارەی ئەو هێزەی ئەمریکاوە زانیاری زیاتر کۆبکاتەوە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان رەتیدەکەنەوە هیچ زانیاریەکیان هەبێت یاخود پێشتر ئاگادارکرابێتنەوە.

بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەی تایبەتە دەست کەوتون، لەچەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک ئاگادارکرابونەوە کە چەند گروپێک پلانیان داڕشتووە بۆ بەئامانجکردنی سەربازگەی k1 کە پێشتر لە 27ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو بە نزیکەی 30 گوللە کاتیۆشا کرایە ئامانج و بەهۆیەوە کارمەندێکی گرێبەستی ئەمریکی کوژرا.

چونى ئەو هێزەی ئەمریکا بۆ نێو سەربازگەی k1 دوای خۆپیشاندانەکەی دوێنێ بەغدا دێت دژ بەهێزەکانی ئەمریکا کە پێشتر پەرلەمانی عێراق، حکومەتی راسپارد بۆ دەرکردنیان لە وڵات وەکو کاردانەوەی کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس.

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure