هه‌ڕه‌شه‌كانى كۆرۆنا له‌سه‌ر جیهان زیاتر ده‌بن

هەواڵ / جیهان :: 25/01/2020‌ :: 337‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ 

سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌كان، به‌ڵام هێشتا ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندندایه‌ و وه‌ك سه‌رچاوه‌ ته‌ندروستییه‌كان باسیده‌كه‌ن دواى ئه‌وه‌ى له‌ شوێنى یه‌كه‌م، كه‌ چین بوو، سه‌رهه‌ڵداییه‌وه‌ ئێستا په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت له‌ سعودیه‌یش تۆماركراوه‌.


حكومه‌تى چین بۆ رێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زیاترى ڤایرۆسه‌كه‌، زیاتر له‌ چل ملیۆن كه‌سى دابڕیوه‌ كه‌ دانیشتوانى لانیكه‌م 13 شارن و چه‌ندین شوێنى گشتیشیى داخستووه‌ كه‌ یه‌كێكیان چه‌ند به‌شێكى دیوارى چین-ه‌. 

هاوكات به‌شێكى زۆرى ئاهه‌نگ و بۆنه‌ جیاجیاكاى راگرتووه‌ له‌ ترسى قه‌ره‌باڵغیى زۆر و بڵاوبوونه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ناو هاووڵاتیاندا. ته‌نانه‌ت ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵى چینی-یشى هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ كه‌ ساڵانه‌ ده‌یان ملیۆن كه‌س به‌شداریى تێداده‌كه‌ن. 

هاووڵاتیانیش، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌ ناوچه‌ مه‌ترسیداره‌كاندان، ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ كارى زۆر پێویست نه‌بێت له‌ماڵ نه‌چنه‌ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو رێوشوێنێكى خۆپارێزیى په‌یڕه‌وبكه‌ن.   

حاڵه‌ته‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك رێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى سه‌رقاڵى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ پێویست ده‌كات (بارى نائاسایى ته‌ندروستیى جیهانى) رابگه‌یه‌نێت یاخود نا. 

ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ بازاڕێكى جومله‌فرۆشى به‌رهه‌مه‌ ده‌ریاییه‌كانى شارى وهان-ى ناوه‌ڕاستى چین-ه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، سه‌ره‌تا 830 حاڵه‌ت تۆماركرا كه‌ 177یان به‌ مه‌ترسیدار دانران و زیاتر له‌ هه‌زار كه‌سیش به‌ گومانى تووشبوون به‌و ڤایرۆسه‌ پشكنینیان بۆ كرا.

حاڵه‌ته‌كه‌ ترس و نیگه‌رانییه‌كى زۆرى له‌ناو چینییه‌كاندا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كى ئاساییشى هه‌بێت هه‌ر نیگه‌رانى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا لێیدابێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پله‌ى گه‌رمیى له‌شى به‌رزبووبێته‌وه‌ یاخود كۆكه‌ و پژمه‌ى هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌مانه‌ له‌ نیشانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى نه‌خۆشییه‌كه‌ن. 

له‌به‌ر زۆریى ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى گومانیان لێده‌كرێت تووش بووبن یاخود تووشببن، حكومه‌تى په‌كین بڕیاریداوه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌و نه‌خۆشییه‌ بكاته‌وه‌ و كارى بێوچان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ره‌تاى مانگى شوبات-دا نه‌خۆشخانه‌كه‌ بكه‌وێته‌ وه‌رگرتن و بینینى نه‌خۆش. 

رێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دوو رۆژه‌ى تایبه‌ت به‌ دۆخه‌كه‌ى ئه‌نجامدا، به‌ڵام نه‌گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ حاڵه‌تى نائاسایى ته‌ندروستیى جیهانى رابگه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌وپه‌ڕى هۆشداریداوه‌ له‌ خۆپارێزى و داواى له‌ هه‌موو وڵاتان كردووه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن، به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر جۆره‌ ڤایرۆسێك كه‌ تائێستا جگه‌ له‌ خۆپارێزیى چاره‌سه‌رێكى بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌وڵى پسپۆڕان و ناوه‌نده‌ زانستییه‌ پزیشكییه‌كان سه‌ربگرێت و له‌ سه‌ره‌تاى وه‌رزى هاویندا چاره‌سه‌رى ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ له‌ هۆنگ كۆنگ و ماكاو و تایوان و كۆریاى باشوور و ژاپۆن و تایله‌ندا و سه‌نگافوره‌ و ڤێتنام و ئوسترالیا و فره‌نسا و ئه‌مریكا و هه‌روه‌ها سعودیه‌یش ده‌ركه‌وتووه‌ و حاڵه‌تیان لێتۆماركراوه‌. 

سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م ڤایرۆسه‌، شاره‌كانى چین بووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى راگه‌یاندنى ئه‌و وڵاته‌ (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ى كانونى دووه‌مى 2020) ئاشكرایكرد: "هه‌زار و 287 كه‌س تووشى نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون و 41 كه‌سیشى كوشتووه‌". 

دیارترین نیشانه‌كانى تووشبوون به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا بریتین له‌ دابه‌زینێكى زۆرى پله‌ى گه‌رمیى له‌ش تا ئاستێك كه‌ كه‌سه‌كه‌ له‌رزێكى زۆر ده‌یگرێت، هه‌روه‌ها كۆكه‌ و پژمه‌یه‌كى زۆرى ده‌بێت و دواتر گورچیله‌كانى له‌كارده‌خات.

ئا: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure