واده‌یه‌كى نوێ بۆ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى دیاریكرا

هەواڵ / کوردستان :: 25/01/2020‌ :: 479‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیار بوو ئه‌مڕۆ 25ی کانونی دووەمی 2020 ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى گشتى یه‌كێتیى نیشتمانیی کوردستان دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌باره‌ى پرسى هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئه‌نجامبدات، به‌ڵام به‌هۆى ته‌واونه‌بوونى هه‌مواره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ رۆژى چوارشه‌ممه‌ دواخرا.


دواى ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى رابوردوودا ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى نیشتیمانى كوردستان له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى خۆیدا بڕیاریدا به‌ دیاریكردنى لیژنه‌یه‌كى 20 كه‌سى به‌مه‌به‌ستى هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆى ئه‌و حیزبه‌ له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا، وابڕیاربوو (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ى كانونى دووه‌مى 2020) ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى له‌وباره‌یه‌وه‌ كۆببێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى ده‌نگدان له‌سه‌ر په‌یڕه‌وه‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆى ته‌واونه‌بوونى هه‌مواره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژیش كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌ركردایه‌تى بۆ (رۆژى چوارشه‌ممه‌ 29ى كانونى دووه‌م) دواخراوه‌.

ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتیی یەکێتی دواى هه‌ڵبژاردنى له‌ كۆنگره‌ى چواره‌مى ئه‌و حیزبه‌ لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا به‌پێى بڕیارى كۆنگره‌ لیژنەیەکی 20 کەسی پێکهێنا بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ.

پێشتریش مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى وت: "هۆكارى دواخستنى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌ركردایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان نین و كاره‌كانى هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆش ته‌واونه‌كراوه‌".

پ: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure