حكومه‌تى هه‌رێم بڕیارێكى بۆ به‌شێك له‌ مووچه‌خۆران ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 23072‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، نووسینگەی هەولێر 

بەپێی ماددەیەكی یاسایی چاكسازی پێداچوونەوە بە مووچەخۆرانی یەكەی پاسەوانی دەكرێت و ژمارەی پاسەوانی تایبەتی بەرپرسانیش كەمدەكرێتەوە، بەرپرسێكیش زانیاری لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو. 


بەپێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی یەكەی پاسەوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم كە لەم مانگەدا دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم ئەو حزب و بەرپرسانە كراوە كە پاسەوانی بارەگا و تایبەتیان هەیە، داوایان لێكراوە ژمارەی پاسەوان و شێوازی دەوام و شوێنی دەوامكردنیان و زانیاری تەواو لەبارەی پاسەوانەكانیان بنێرن.

هەر بەپێی نوسراوەكە ئەوەش روونكراوەتەوە: نابێت هیچ پاسەوانێك كە مووچە لە یەكەی پاسەوانی وەردەگرێت لە مانگێكدا كەمتر لە 10 رۆژ دەوام بكات یان وەك بندیوار مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و كاتی مووچەش دێت بەشێك لە پارەكەی لێبگێڕدرێتەوە، هەر حزب و بەرپرسێك ئەمەیان لێببێندرێت ئەوا لەكاتی جێبەجێكردنی یاسایی چاكسازی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت. 

لە بەشێكی تری نووسراوەكە ئاماژە بەوەشكراوە: لەكاتی چوونە بواری یاسای چاكسازی وەرگرتنی مووچە بە لیستی حزب یان بەرپرس نامێنێت، بەڵكو دەبێت پاسەوانەكە خۆی ئامادەبێت و مووچەكەی وەرگرێت واتە نابێت كەسێك بچێتە بانك و لیستێكی پێبێت و مووچەی دەیان كەس پێكەوە وەربگرێت.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە یەكەی پاسەوانی بۆ دواڕۆژ روونیكردەوە: ماوەیەكە وردبینی لە ژمارەی مووچەخۆران و دەوامكردنی پاسەوانانی تایبەت دەكرێت و ئەو وردبین و چاودێریكردنەش بەردەوام دەبێت تا كاتی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، ئەوكاتە هەر پاسەوانێك گەر بندیواربێت یان لە دەرەوەی وڵات بێت و ماوەی چەند مانگێك بێت دەوامی جێهێشتبێت و لەلایەن بەرپرس یان حزبەكەیەوە چاوپۆشی لێكرابێت ئەو كەسە ئاگاداردەكرێتەوە كە بێته‌وە دەوامەكەی خۆی و گەر پابەندنەبێت لە كارەكەی دوور دەخرێتەوە. 

وتیشی: "لەساڵی 2019دا 48 پاسەوانی تایبەت لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە و كەسی تر لە شوێنەكانیان داندراوە، بەڵام ئەوانەی لەلایەن حزب و بەرپرسەكانەوە وەك بندیوار مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و سوودیان لێنابیندرێت ئەمانە بە یەكجاری دووردەخرێنەوە".

یەكەی پاسەوانی تایبەت نزیكەی 62 هەزار مووچەخۆری هەیە كە پێكدێن لە پاسەوانی بەرپرسان و بارەگا حزبییەكان و بەرپرسانی پلەباڵا.

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure