داعش له‌ سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستان نزیك بووەتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/01/2020‌ :: 3614‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی، یوسف موراد
 تادێت مه‌ترسیه‌كانى داعش له‌ سنوره‌كانى رۆژئاوا و باشورى هه‌رێمى كوردستان زیاتر ده‌بن، زیاد بوونى رێژه‌ى هێرشه‌كانیان و جموجۆڵه‌كانیان له‌و سنورانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ زیاد بوونى ژماره‌یان كه‌ به‌شێكیان له‌ده‌ره‌وه‌ى عێراقیه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌و به‌وه‌ش ئه‌و مه‌ترسیه‌ له‌ سنورى هه‌رێم نزیك ده‌بێته‌وه‌.

له‌ماوه‌ى رابوردوودا له‌ سنورى چیاى قه‌ره‌چوخ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنورى باكورى خۆرئاواى شارى هه‌ولێره‌وه‌ جوڵه‌ى چه‌كدارانى داعش به‌ ئاسانى هه‌ستپێكراوه‌و چه‌ند جارێكیش رووبه‌ڕوووبوونه‌وه‌ رویداوه‌. 

ره‌شاد گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ به‌ده‌ست هاتوون، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ چیای قه‌ره‌چووغ زیادیان كردووه‌و خه‌ڵكی گونده‌كانی نزیك مۆڵگه‌كانی داعش هه‌ستیان به‌و زیادبوونه‌ی ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش كردووه‌. 

وتیشی: "ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ سنوره‌كانی سوریاوه‌ دزه‌یان كردووه‌ته‌ ناوخاكی عێراق ، بوونی داعش له‌ زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چووغ هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ودیوی چیاكه‌ به‌لای گونده‌كانی عه‌لیه‌ ره‌ش و ناحیه‌ی قه‌راج له‌دواى نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی داعش ناوچه‌كه‌ بۆشایی ئه‌منی تێكه‌وتووه‌ تاوه‌كو ئێستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى  عێراق نه‌یانتوانیوه‌ كۆنتڕۆڵی بكه‌ن".

چیای قه‌ره‌چوغ به‌ دووری نزیكه‌ی 50 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری رۆژئاوای هه‌ولێر و درێژای چیاكه‌ 20 كیلۆمه‌تره‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌و زنجره‌ چیایه‌ شاخاوییه‌، گروپه‌ چه‌كداره‌كانی داعش مۆڵگه‌و باره‌گایان تێدا دامه‌زراندووه‌ و به‌پێی قسه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتیش زیاتر له‌15 ماڵه‌ داعش له‌و چیایه‌دا هه‌ن.
به‌پێى زانیاریییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان شه‌وانه‌ چه‌كدارانى داعش له‌ سنورى سوریاوه‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ سنورى عێراق و له‌وێشه‌وه‌ ده‌چنه‌ زنجیره‌ چیاى قه‌ره‌چوغ.

 

 ئه‌و مه‌ترسیه‌ ته‌نها له‌ رۆژئاواى سنورى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو له‌ باشوریشه‌وه‌یه‌.

 له‌ماوه‌ى رابوردوودا چالاكى چه‌كدارانى داعش له‌سنورى كه‌ركوك و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى زیادیكردووه‌.

ئه‌فسه‌رێكی هێزه‌كانی حه‌شد شه‌عبی كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌دواڕۆژی وت:"چه‌كدارانی داعش له‌ده‌روبه‌ری پارێزگای كه‌ركوك ژماره‌یان زیادی كردووه‌ و به‌شێوازی گروپ گروپ و ناوبه‌ناو هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌رهێزه‌ عێراقیه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌سنوری قه‌زای داقوق" 

وتیشی:" چه‌كدارانی داعش له‌ناوچه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ و كه‌ركوك  خۆیان حه‌شارده‌ده‌ن ، كه‌ حكومه‌ت و هێزه‌ عێراقیه‌كان ناتوانن پێیان بگه‌ن و ده‌ستگیریان بكه‌ن ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانیانه‌وه‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و هاووڵاتیان ببنه‌قوربانی" 


جگه‌ له‌سنوری قه‌زای داقوق له‌ناوچه‌كانی دووبز و سه‌رگه‌ڕان چه‌كدارانی داعش په‌لاماری هاووڵاتیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ده‌ن ، چه‌ند هاووڵاتیه‌كی دانیشتوی  ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ نزیكن له‌ سنوری زنجیره‌ چیاكانی كانی دۆمه‌ڵانن ده‌ڵێن ، داعش په‌لاماری هاووڵاتیان ده‌ده‌ن و چه‌ند گوندێكیش به‌هۆی مه‌ترسیه‌كانی داعشه‌وه‌ چۆڵی كردووه‌.

 هاوكات له‌ سنورى دیاله‌ش هه‌مان جموجۆڵى چه‌كدارانى داعش بونى هه‌یه‌ كه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر سنورى باشورى خۆرهه‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستان دروستكردووه‌. 
 له‌ماوه‌ى رابوردوودا چه‌ندجارێك پاشماوه‌كانى داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌سنورى قه‌زاى خانه‌قین و ناحیه‌ى جه‌له‌ولا ‌و شه‌هیدى لێكه‌وته‌وه‌. 
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure