تۆمه‌تبارانى بردنى مووچه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شار داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى دادگا ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 24/01/2020‌ :: 2965‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
دادگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا دوو دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی رووداوی دزینی پاره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار به‌ڕێوه‌چووه‌ و له‌دانیشتنی داهاتووشدا وته‌ی تۆمه‌تباران وه‌رده‌گیرێت و تۆمه‌تباره‌كانیش داوایه‌كیان ئاراسته‌ى دادگا كردووه‌و ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

دادوه‌ر عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی ئه‌مڕۆ 24ی كانوونی دووه‌می 2020 به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: تائێستا دوو دانیشتنی دادگایی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی دزینی پاره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار به‌ڕێوه‌چووه‌ و وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان وه‌رگیراون، به‌ڵام له‌دانیشتنی داهاتوو وته‌ی تۆمه‌تباران  وه‌رده‌گیرێت.

ناوبراو روونیكرده‌وه‌: هۆكاری دواكه‌وتنی دادگایی دۆسیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن تۆمه‌تبارانه‌وه‌ تانه‌ی لێدرا و داوای گۆڕینی شوێنی دادگاییه‌كه‌یان كرد و داواكه‌یان بۆ دادگای پێداچوونه‌وه‌ نێردرا، به‌ڵام داواكه‌یان ره‌تكرایه‌وه‌، پارێزه‌رانیشیان تائێستا دووجار داوای دواخستنی دۆسیه‌كه‌یان كردووه‌.

دادوه‌ر عومه‌ر وتی :"تۆمه‌تباران حه‌وت كه‌س بوون و هه‌موویان ده‌ستگیركراون، به‌ڵام له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا یه‌كێك له‌تۆمه‌تباران ئازادكراوه‌ و ئێستا شه‌ش تۆمه‌تباریان ماون".

مانگی  ئازارى ساڵی رابوردوو ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ هه‌ستان به‌دزینی پاره‌ی مووچه‌ی كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانى نه‌خۆشخانه‌ی شار له‌ شارى سلێمانی‌و ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 24 كاتژمێر تۆمه‌تباران ده‌ستگیركران.

 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure