"له‌ 20 ساڵدا رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری 34%ه‌وه‌ بۆ 15% دابه‌زیوه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 24/01/2020‌ :: 199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جه‌مال
پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ 20 ساڵی رابوردوودا رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له‌هه‌رێمی كوردستان 34%ه‌وه‌ بۆ 15% دابه‌زیوه‌، له‌سنوری پارێزگای سلێمانیش له‌ته‌مه‌نی 15 بۆ 24 ساڵی 99%یان توانای نووسینیان هه‌یه‌.

دوێنێ  23ی كانوونی دووه‌می 2020 په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ك رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له‌ڕۆژی جیهانی فێركردندا سیمینارێكیان بۆ چۆنیه‌تی باشتركردنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و به‌تایبه‌تیش پڕۆژه‌ی بونیادنانی تواناكان سازكرد.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له‌وتارێكدا له‌سیمیناره‌كه‌ رایگه‌یاند: به‌پێی ئاماری رێكخراوی یونسكۆ و وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ی عێراق و كوردستان، تا ساڵی 2000 له‌هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری 34% بووه‌، به‌ڵام له‌ئه‌مساڵدا بۆ 15% دابه‌زیوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌رانه‌یه‌، بۆ پارێزگای سلێمانیش به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاماری سلێمانی له‌ته‌مه‌نی 15 بۆ 24 ساڵی 99%یان توانای نووسینیان هه‌یه‌، 100%ی ئه‌و منداڵانه‌ی ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ شه‌ش ساڵ په‌یوه‌ندی به‌قوتابخانه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و درێژترین تێكڕایی ته‌مه‌ن به‌بێ دابڕان 13 ساڵی ته‌واوی خوێندنه‌ كه‌ هه‌مووی هه‌نگاوی زۆر باشن.

ئه‌نجومه‌نی رۆشنبیری به‌ریتانیا و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی بونیادنانی تواناكان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشچوونی رۆڵی خوێندكار و مامۆستایان و به‌شداری خانه‌واده‌ی خوێندكارانیش له‌ڕه‌وشی په‌روه‌رده‌.

به‌كر محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ڕۆژی جیهانی فێركردن به‌پێویستیان زانیوه‌ له‌نێوان په‌روه‌رده‌ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده‌ ئه‌م سیمیناره‌ ساز بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی پڕۆژه‌ی بنیادنانی تواناكان كه‌ یه‌كێك له‌بژارده‌كان قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و هاوكارییان له‌پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە