رێنمایی سه‌باره‌ت به‌ هەڵگرتنی پاره‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ له‌ بانكدا ده‌رده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 4294‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
 له‌دواى واژۆكردنى پڕۆژه‌یاسایى چاكسازى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ رێنمایی نوێ ده‌رده‌كرێت بۆ كردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى تایبه‌تى بانكى بۆ پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و په‌رله‌مانتارێكیش باس له‌ وه‌ده‌كات له‌پاش په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى عێراق و زیادكردنى پشكى هه‌رێم ده‌بێت حكومه‌ت مانگانه‌ بڕێك پاره‌ بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌ران له‌و ئه‌ژماره‌ بدرێته‌وه‌.

شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی 24ی كانوونی دووه‌می2020 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ یاسای چاكسازی كه‌ هه‌فته‌ی رابوردوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سند كرا، بڕیاردراوه‌ ئه‌ژمارێكی تایبه‌ت به‌ پاراستنی مووچه‌ پاشه‌كه‌وت كراوه‌كانی فه‌رمانبه‌ران بكرێته‌وه‌ و كردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ژماره‌ له‌ دوای واژۆكردنی یاساكه‌ده‌بێت له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان و ئه‌وكات ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

وتیشى :" له‌ئێستادا ئه‌و هه‌ژماره‌ بانكیه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هیچ سودێكی بۆ فه‌رمانبه‌ران نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوودجه‌ی گشتی عێراق په‌سند بكرێت ئه‌وكاته‌ پشكی هه‌رێم زیاد ده‌كرێت به‌مه‌ش ده‌بێت حكومه‌ت مانگانه‌ بڕێك پاره‌ بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌ران له‌و ئه‌ژماره‌ بدرێته‌وه‌و رێنمایی نوێش بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌زه‌ ده‌رده‌چێت". 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی ده‌شڵێت: له‌كاتی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی یاسای چاكسازی پێشنیارمان كردووه‌ له‌كاتی چوونه‌ بواری جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ مانگانه‌ بڕێك له‌و قه‌رزانه‌ی ئاو، كاره‌با و رسوماته‌كانی دیكه‌ له‌ قه‌رزی پاشه‌كه‌وت له‌ فه‌رمانبه‌ران وه‌ربگیرێته‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌ت به‌م داواكارییه‌ رازینه‌بووه‌ و هیچ به‌ڵێنێكیشی نه‌داوه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ران بۆ پرسه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان سود له‌و ئه‌ژماره‌ بانكییه‌ وه‌ربگرن".  

حكومه‌تی هه‌رێم 12 مووچه‌ی ساڵی 2016 و 11 مووچه‌ی ساڵی 2017 و 11 مووچه‌ی ساڵی 2018ی به‌ پاشه‌كه‌وتكراوی دابه‌شكردووه‌،كه‌ ده‌كاته‌ 34 موزچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراو، هه‌روه‌ها ساڵی 2015-ش چوار مووچه‌ی دابه‌شنه‌كردووه‌و ساڵی 2017 یه‌ك مووچه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی دابه‌شنه‌كردوه‌و له‌ ساڵی 2019دا، سێ مووچه‌ی ته‌واوه‌تی دابه‌شنه‌كردووه‌، به‌مه‌ش كۆی مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی ده‌كاته‌ هه‌شت مووچه‌ی ته‌واو، هه‌روه‌ها حكومه‌ت  12 مووچه‌ی خانه‌نشینانیش قه‌رزداره‌ كه‌ كۆی گشتی پاره‌ قه‌رزه‌كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 12 ملیار دۆلار.

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure