قه‌یرانێكی دیكه‌ رووبه‌ڕووی هاووڵاتیانی هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 24147‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
 ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان هۆشدارى ده‌دات له‌ باره‌ى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانێكى نوێ بۆ هه‌رێمى كوردستان  له‌پاش گرانبوونى نرخى غاز و ده‌شڵێت:"وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان دڵنیاییاندا كه‌ نرخى غاز گران نابێت به‌ڵام ئێستا قه‌یرانه‌كه‌ سه‌ریهه‌ڵدا  و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ نرخى غاز له‌ بازاڕدا له‌ حه‌وت هه‌زار دیناربه‌وه‌ به‌زربێته‌وه‌ بۆ 10 هه‌زار دینار و كه‌میش ببێته‌وه‌". 

كاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند": پێش دوومانگ  هۆشدارى ئه‌وه‌مدا که‌ نرخى غاز گران ده‌بێت چونكه‌ من ئه‌وكات ئاشكرامكرد كه‌ كۆمپانیای دانه‌ غاز له‌ زیادكردنێكی نهێنی فرۆشتنی ڕۆژانه‌‌ (١٠٠٠)هه‌زار تۆن غازى بۆ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان خسته‌ڕوو، و له‌م زیادكردنه‌شدا هه‌میشه‌ پێشتر دانا غاز ٣٤٦ دۆلار دیاری ده‌كرد وه‌كو نرخی جێگیر و كۆمپانیای به‌شداره‌كانی ته‌نده‌ره‌كه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ زیاد كردن و كه‌مكردنی نرخی خۆیان ده‌خسته‌ڕوو. 

وتیشی": ساڵانی پێشوو سه‌رجه‌م كۆمپانیا به‌شداره‌كان به‌ نرخێكى كه‌متر له‌ ٣٤٦ دۆلار بۆ هه‌ر هه‌زار ته‌نێك بۆ ته‌نده‌ره‌كان به‌شدار ده‌بوون واتا به‌رزترین نرخ له‌ خوار ٣٤٦ دۆلاره‌وه‌ براوه‌ی ته‌نده‌ره‌كه‌ بوون كه‌ ئه‌م نرخه‌ له‌ نێوان (٤٠-١٠٠) دۆلار خوار نرخی بنه‌ڕه‌تی دانا غاز بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ بووه‌ته‌ بنه‌ما بۆ جێگیركردنی نرخی غاز له‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشگرتن به‌ قه‌یرانی غاز". 

گه‌زنه‌یی وتی": هه‌رچه‌نده‌ پێشتر وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان قسه‌كانی منیان ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی دڵنیایی ئه‌وان به‌داخه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ قه‌یرانی غاز درووستبوو كه‌ دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ نرخی ته‌نێك غاز گه‌شتووه‌ته‌ سه‌رووی ٧٥٠٠٠٠ دینار كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات نرخی بتلێك غازی بارزگانی به‌زبوویه‌وه‌ و به‌منزیكانه‌ ده‌گات  به‌ ۱٠ هه‌زار دیناری عێراقی و له‌ بازاڕیش ده‌ستناكه‌وێت". 

له‌باره‌ی قه‌یرانه‌كه‌وه‌ وتی": ئه‌م قه‌یرانه‌ دوو هۆكاری هه‌یه‌: یه‌كه‌میان كه‌مته‌رخه‌می وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ به‌دواداچوونی نرخی ته‌نده‌ر و زیادكردنه‌كه‌ی و دانه‌نانی رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریكردن له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد كۆمپانیای براوه‌ی ته‌نده‌ر به‌رزترین نرخ لێبدات بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ داهات و گوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌، هۆكاری دووهه‌میش بریتیه‌ له‌ بێ ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ له‌ ساڵی پاره‌وه‌ تا ئێستا ته‌نده‌ری به‌ بازاڕكردنی غازه‌كه‌ی له‌ ده‌ستدایه‌ و ده‌ستیكردووه‌ به‌ عه‌مباركردنی غازه‌كه‌ له‌ مه‌خزه‌نی تایبه‌تی خۆی  به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ر بازاڕ ‌و كۆمپانیا ركابه‌ره‌كه‌ی كه‌ بۆ ئه‌م ساڵ ته‌نده‌ره‌كه‌ی به‌ نرخی زۆر به‌رز لێداوه‌".

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure