ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تێكى دیكه‌ له‌ ناو عێراقدا دروست ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 24/01/2020‌ :: 14142‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ ده‌وڵه‌تێكى بچوكتر له‌ ناو عێراقدا دروست بكات كه‌ ئه‌ویش هه‌رێمێكه‌ بۆ عه‌ره‌ب سوننه‌كان له‌ سنورى پارێزگاى ئه‌نبار كه‌ ده‌سه‌ڵاتى خۆبه‌ڕێوه‌بردنى هه‌بێت ئه‌وه‌ش له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌ بوونى له‌ناو عێراقدا و گوشارخستنه‌سه‌ر لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌پرسی هه‌وڵى ده‌ركردنى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق ئه‌وه‌ش به‌پێى راپۆرتێك كه‌ رۆژنامه‌ى میدڵ ئیست مۆنیتۆرى بریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.

 ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌ راپۆرتێكدا  ئاشكرایكردووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا ئه‌مریكا كارى له‌سه‌ر دروستكردنى هه‌رێمێك بۆ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان كردووه‌ له‌ خۆرئاواى عێراق كه‌ به‌وته‌ى به‌شێك له‌ به‌رپرسانى واشنتن ئه‌و هه‌نگاوه‌ وه‌ك كاردانه‌ویه‌ بۆ هه‌وڵى لایه‌نه‌ شیعه‌كان بۆ ده‌ركردنى سه‌ربازانى ئه‌مریكا له‌ ناو خاكى عێراقدا.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ى دروستكردنى ئه‌و هه‌رێمه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كى دابڕاو له‌ ناو خاكى عێراق دروست بكات و رێگرى له‌ ئێران بكات له‌وه‌ى رێگاى وشكانى عێراق به‌كاربهێنێت بۆ گه‌یشتن به‌ سوریا.

به‌رپرسێكى باڵاى عێراقى كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌ بریتانیه‌كه‌ى وتووه‌:"هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا كارێكى وایكرد كه‌ دووباره‌ پڕۆژه‌ى جۆ بایدن جێگرى پێشوترى سه‌رۆكى ئه‌مریكا زیندبوو بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى عێراق بكرێت به‌ چه‌ند هه‌رێمێك و یه‌كێتى خاكى عێراق بۆ ئه‌مریكیه‌كان گرنگى ئه‌وتۆى نه‌ماوه‌ بۆیه‌كار له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن".


هاوكات به‌رپرسێكى ئه‌مریكى كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئامانج له‌و پڕۆژه‌یه‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تێكى دیكه‌یه‌ له‌ ناو عێراقدا نه‌ك هه‌رێمێك و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ رێگرى ده‌كه‌ین له‌وه‌ى ئێران له‌ رێگاى وشكانییه‌وه‌ ده‌ستى بگات به‌ ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست و هاوكارى بۆ حیزبوڵاى لوبنانی بنێرێت.
 ئا:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure