ئه‌نه‌س و ئانیا له‌كاتى سه‌یركردنى فلیم كارتۆندا سوتان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/01/2020‌ :: 4450‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ئه‌نه‌س و ئانیا، ئه‌و دوو خوشك و برایه‌ی به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ژوری خه‌وه‌كه‌یاندا سوتان، دایكی نه‌یتوانی رزگاریان بكات، به‌رگری شارستانیش كاتێك گه‌یشتن ته‌رمه‌كان ببون به‌ خه‌ڵوز.

ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ ٢٣ی كانونی دووه‌م، له‌گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی شاری كه‌ركوك له‌روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا دوو منداڵ گیانیان له‌ده‌ستدا.

منداڵه‌كان دوو خوشك و برا بوون، (ئه‌نه‌س ئیسماعیل) ته‌مه‌نی ٦ ساڵ و (ئانیا ئیسماعیل) ته‌مه‌نی ٣ ساڵ بوو.

كه‌سێكی نزیك له‌خێزانی دوو منداڵه‌كه‌ به‌دواڕۆژی وت:"دوو منداڵه‌كه‌ له‌ژوری خه‌وه‌كه‌یاندا بون سه‌رقاڵی ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆن بوون".

وتیشی:" دایك و خوشكێكی منداڵه‌كان له‌نێو حه‌وشه‌دا خه‌ریكی نانكردن بون، له‌پڕ گوێبیستی ده‌نگێك بون له‌ژوره‌وه‌ كاتێك ئاگاداربوونه‌ته‌وه‌ ئاگرو دوكه‌ڵ له‌ژوری نوستنى ئه‌و دوو منداڵه‌وه‌ په‌ره‌ی سه‌ندوه‌و گه‌یشتووه‌ته‌ نێو چێشتخانه‌ى خانووه‌كه‌".
خانووه‌كه‌ سه‌د مه‌تریه‌، به‌شێوه‌یه‌كه‌ ئه‌و ژوره‌ی روداوه‌كه‌ تێدا بووه‌ بۆ خه‌وتن به‌كارده‌هێنرێت كه‌وتووه‌ته‌ كۆتایی خانووه‌كه‌ و دواتر چێشتخانه‌كه‌یه‌، له‌نێوان ژوره‌كانیشدا رێره‌وێكی بچوك هه‌یه‌.

نه‌خشه‌ی خانووه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر كاری كۆنتڕۆڵكردن و كوژانده‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ی قورستركردبوو به‌تایبه‌ت كه‌ ژوری نوستنه‌كه‌یان كه‌ روداوه‌كه‌ی تێدا رویداوه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ئه‌و سه‌ری خانووه‌كه‌.

جگه‌ له‌و دوو منداڵه‌، خێزانه‌كه‌ی ئیسماعیل سێ كچی دیكه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ساتی روداوه‌كه‌دا هێشتا دوانیان له‌ قوتابخانه‌ بوون، ته‌نها كچێكی ته‌مه‌ن ١١ ساڵان له‌ماڵه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌ویش هاوكاری دایكی كردوه‌ له‌نانكردندا.

به‌وته‌ی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی منداڵه‌كه‌، خوشكه‌كه‌یان به‌ر له‌ ٣٠ خوله‌ك پێشتر نه‌وتی سۆپای ژوره‌كه‌ی پڕكردوه‌، بینیوێتی هه‌ردوو منداڵه‌ پاڵكه‌وتون ته‌ماشای فلیم كارتۆن ده‌كه‌ن له‌ته‌له‌فزیۆن.
له‌ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌نێو خانووه‌كه‌دا ئاگاداربونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت سیبلیتی ژوره‌كه‌ بێت چونكه‌ به‌هۆی گه‌یشتنی ئاگر پێی تواوه‌ته‌وه‌، كاتێك ئاگاداربونه‌ته‌ ئیدی ئاگر رێگای نه‌داوه‌ منداڵه‌كان رزگاربكه‌ن.

عه‌قید هه‌ڤاڵ موحسن به‌ڕێوبه‌ری بنكه‌ی پۆلیسی عروبه‌ى كه‌ركوك به‌دواڕۆژی وت: دوای ئاگاداركردنه‌وه‌مان ده‌ستبه‌جێ گه‌یشتینه‌ شوێنی روداوه‌كه‌و ئاگر كوژێنه‌وه‌مان ئاگاداركرده‌وو به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ فریای رزگاركردنی منداڵه‌كان نه‌كه‌وتین.

وتیشی:"تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی هه‌وڵی خۆیاندا توانیان به‌شێكی خانووه‌كه‌ رزگار بكه‌ن، دایكی منداڵه‌كانیش رزگاركراوه‌، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ روداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ گومان ده‌كرێت سه‌رچاوه‌ی ئاگره‌كه‌ له‌سۆپای ژوره‌كه‌وه‌ كه‌وتبێته‌وه‌ به‌ڵام به‌رگری شارستانی دڵنیا نیه‌ و ده‌ڵێت ” نابێت له‌بڕیاردان په‌له‌ بكه‌ین تاوه‌كو ئه‌نجامی كۆتایی ده‌ریده‌خات “.

قه‌یس عه‌بدولره‌زاق وته‌بێژی به‌رگری شارستانی كه‌ركوك به‌دواڕۆژی وت: تیمه‌كانمان لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییان كردوه‌ له‌باره‌ی هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌ په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڵگه‌ی تاوانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

وتیشی:"هێشتا دڵنیا نین هۆكاره‌كه‌ی سۆپایه‌ یاخود شۆرتی كاره‌با، لێكۆڵینه‌وه‌كانیش به‌رده‌وامه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌دوو رۆژی داهاتودا رونبێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ دایكی منداڵه‌كان دره‌نگ ئاگاداربوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاگره‌كه‌ په‌ره‌ی سه‌ندوه‌و كۆتڕۆڵكردنی ئه‌سته‌م بووه‌ بۆیه‌ فریای رزگاركردنی ژیانی منداڵه‌كانیان نه‌كه‌وتین به‌داخه‌وه‌ ته‌رمه‌كانیانمان له‌ژوره‌كه‌ ده‌رهێنا.

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure