مه‌ترسیه‌كى دیكه‌ له‌سه‌ر ناردنى مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ دروست بوو

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 10028‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
 نوێنه‌رانى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكریده‌كه‌ن كه‌ فراكسیۆنه‌ شیعه‌كان له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دان به‌پێچه‌وانه‌ى رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند پشكى كورد له‌ بودجه‌ى 2020  كه‌م بكه‌نه‌وه‌ وه‌ك تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌رانبه‌ر ده‌نگنه‌دانى په‌رله‌مانتارانى كورد به‌ بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق.

 
به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: لایه‌نه‌ شیعییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ كاتی ناردنه‌وه‌ی بووجه‌ی گشتی عێراق بۆ په‌رله‌مان پشكی كورد له‌وه‌ی پێشتر رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ كه‌متر بكه‌نه‌وه‌.  

وتیشی: "به‌پێی ئه‌و گفتوگۆ و رێككه‌وتنانه‌ی كه‌ پێشتر سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد و حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و حكومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌نجامیان داوه‌ پشكی كورد به‌ له‌ 12،67% جێگیر كراوه‌، سه‌رۆكی كاربه‌رێكه‌ری حكومه‌تی عێراقیش ئه‌م رێژه‌یه‌ی پی باشبووه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابوردوو فراكسیۆنه‌ شیعییه‌كان بۆچوونیان له‌سه‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بووجه‌ی گشتی عێراق خراپه‌و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ تێپه‌ڕاندنی بووجه‌ی گشتی عێراق كێشه‌ دروست بكه‌ن. " 

هاوكات ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانی عێراق بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم په‌له‌ بكات له‌ دانوستان و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی عێراقی، چونكه‌ ته‌یاری شیعی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رابوردووی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی به‌ بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق نه‌دا هه‌ڵوێستیان خراپتر بووه‌ و ده‌یانه‌وێت كێشه‌ دروست بكه‌ن.  

وتیشى:"زۆربه‌ی ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌ سوننه‌كان رایان به‌رانبه‌ر كورد باشه‌و لێكتێگه‌یشتنی زۆر باش له‌ نێوان كوتله‌ی كوردی و سووننه‌كان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پشكی كورد له‌ بووجه‌ی گشتی عێراق، به‌ڵام ئه‌وانیش داوایان كردووه‌ كه‌ كورد نه‌وته‌كه‌ راده‌ستی عێراق بكات.  "

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌: له‌ دوای هاتنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری داڤۆس و ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، پێده‌چێت دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌ و كێشه‌كانی به‌رده‌م ماف و ئیمتیازاتی كورد له‌ به‌غدا تاوتوێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌رێم ده‌بێت په‌له‌ بكات بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م گفتوگۆیانه‌.

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure