موفتیه‌ "قه‌ڵه‌وه‌كه‌ى" داعش هه‌موو نهێنیه‌كانى ئاشكراكرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/01/2020‌ :: 4041‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌بو عه‌بدولبارى موفتى داعش كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر شارى موسڵ ده‌سگیركراو به‌ "موفتیه‌ قه‌ڵه‌وه‌كه‌" ناسراوه‌ له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا چه‌ندین زانیارى نهێنى ئاشكرا كردووه‌ كه‌ تائیستا نه‌زانراوه‌، له‌وانه‌: ئه‌و له‌پشت ده‌ركردنى فه‌تواى به‌ كه‌نیزه‌ك گرتنى كچانى ئێزدى بووه‌ و كوڕێكى كه‌ داعش بووه‌ له‌شارێكى هه‌رێم ده‌ستگیر‌و دادگایی كراوه‌.  


ئه‌و كه‌ به‌یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ پله‌ یه‌كه‌كانى گروپى داعش داده‌نرێت له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراقه‌وه‌ ده‌ستگیركرا كه‌ پێشتر ئیمام و خه‌تیبی ژماره‌یه‌ك له‌ مزگه‌وته‌كانى ئه‌وشاره‌ بووه‌ .

له‌كاتى ده‌ستگیركردنیدا به‌هۆى زۆرى كێشی له‌شیه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێكى باڕ هه‌ڵگرى گوێزرایه‌وه‌ بۆ گرتووخاته‌.

له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌بو عه‌بدولبارى خاوه‌نى چه‌ندین فه‌تواى مه‌ترسیدارى داعش بووه‌ له‌ موسڵ. 

كورێكى له‌سێداره‌ دراوه‌و كوڕێكیشی له‌ هه‌رێمە

ئه‌بو عه‌بدولبارى خێزانداره‌ و پێنج كوڕى هه‌یه‌ و دوان له‌ كوڕه‌كانى به‌رپرسیارێتیان له‌ داعشدا وه‌رگرتووه‌ كه‌ کاریان وێنه‌گرتنى وتاره‌ شه‌ڕه‌نگێزییه‌كانى ئه‌و گروپه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى بووه‌.

 ئه‌و ئاشكرایده‌كات كه‌ عه‌بدولبارى و عه‌بدولهادى كوڕى سه‌ر به‌ گروپى داعش بوون، "عه‌بدولبارى كوڕم له‌ یه‌كێك له‌ داگاكانى سلێمانى به‌ پێنج ساڵ زیندانیكردن سزا دراوه‌و عه‌بدولهادى كوڕیشم سزاى له‌سێداره‌دان دراوه‌".

پێش داعش چى كردووه‌ 
ئه‌بو عه‌بدولبارى دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ به‌ر له‌ ده‌ركه‌وتنى داعش دژایه‌تى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراقى كردووه‌ و به‌شدار بووه‌ له‌ دروستكردنى گروپى چه‌كدارى توندڕه‌و له‌دژیان.  
 ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ پێش داعش فه‌تواى حه‌ڵاڵكردنى كوشتنى كارمه‌ندانى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى ده‌ركردووه‌ له‌ ساڵى 2006 به‌دواوه‌.

مامۆستاى پاسه‌وانێكى به‌غدادى بووه‌ 
ئه‌بو عه‌بدولبارى خوێندنگه‌یه‌كى به‌ ناوى "عه‌بدوڵا نیعمه‌" دامه‌زراندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وانه‌ به‌ تیرۆریستانی داعش بڵێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان پاسه‌وانى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى سه‌رۆكى پێشوى گروپى داعش بووه‌ ئه‌وه‌جگه‌ له‌ وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ چه‌ندین به‌رپرسی باڵاى دیکەی داعش.

فه‌تواكانى مه‌ترسیدار بوون 
بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌بو عه‌بدولبارى سه‌رۆكى دادگاى "شه‌رعی" داعش بووه‌ له‌ موسڵ كه‌ به‌وته‌ى خۆى له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌كاندا چه‌ندین بڕیار و سزاى له‌دژى هاووڵاتیانى موسڵ ده‌ركردووه‌ له‌وانه‌ جه‌ڵد و غه‌رامه‌ و به‌ردبارانكردن.
 ئه‌و ده‌ڵێت:" ئه‌ندامانى ئه‌و دادگایه‌ ده‌بوو له‌ ده‌رگاى پشته‌وه‌ بێنه‌ ژوره‌وه‌ تاوه‌كو نه‌ناسرێنه‌وه‌" .
 یه‌كێك له‌و فه‌توایانه‌ ده‌ریكردووه‌ دژ به‌ كچانى كوردى ئێزدى بووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنرا بوون و ئه‌و فه‌تواى داوه‌ وه‌ك كه‌نیزه‌ك بدرێنه‌ چه‌كدارانى داعش، هاوكات فه‌تواى له‌دژى جگه‌ره‌كێشان و ده‌ركردنى مه‌سیحییه‌كان ده‌ركردوه‌ و فه‌رمانیشیداوه‌ به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئه‌و مزگه‌وتانه‌ى مه‌زارى مێژویی پێغه‌مبه‌رانى تێدابووه‌ تاوه‌كو هاووڵاتیان سه‌ردانى ئه‌و مه‌زارانه‌ نه‌كه‌ن.

  ئا:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure