بڕیارى رێگه‌دان به‌ ڕه‌شكردنى جامى ئۆتۆمبێل راگیرا

هەواڵ / کوردستان :: 23/01/2020‌ :: 605‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

دواى ئه‌وه‌ى له‌ دوو مانگى رابوردوودا وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ چه‌ند مه‌رجێك رێگه‌یدا به‌ هاووڵاتیان كه‌ ده‌توانن جامى ئۆتۆمبێله‌كانیان ره‌ش بكه‌ن، به‌ڵام له‌ ئه‌مڕۆ 23ی کانونی دووەمی 2020ەوه‌ ئه‌و بڕیاره‌ راگیراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستى پێداچوونه‌وه‌ به‌ڕێنماییه‌كانى تایبه‌ت به‌ڕه‌شكردنى جامى ئۆتۆمبێل.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كیشیان بۆ دواڕۆژ ناردووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان هاووڵاتیان و شۆفێران ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ هیچ كه‌سێك به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی سه‌ردانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتوچۆ نه‌كات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: هۆكارى راگرتنى ره‌شكردنى جامى ئۆتۆمبێل بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێم سه‌رقاڵى پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌پێدانی مۆڵه‌ت بۆ ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێل.

پێشتر وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ نووسراوێكدا ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕى كه‌ جامی ئۆتۆمبێلی پارێزگاكانی هه‌رێم ره‌ش بكرێت، به‌ مه‌رجێك رێژه‌ی جام ره‌شكردنه‌كه‌ش له‌%20 ده‌ستپێده‌كات بۆ له‌ %50 بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خاوه‌نی ئۆتۆمبێل ئه‌گه‌ر بیه‌وێت جامی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ره‌شبكات، پێویسته‌ به‌نووسراو داوای مۆڵه‌ت بكات له‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هاتوچۆ، له‌به‌رامبه‌ردا بۆ ساڵێك مۆڵه‌تی پێ ده‌درێت و له‌به‌رامبه‌ردا بڕه‌ پاره‌یه‌ك كه‌ له‌ 400 هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات بۆ ملیۆنێك و 200 هه‌زار دینار له‌ خاوه‌ن ئۆتۆمبێل ساڵانە وه‌رده‌گیرا.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure