لێکۆڵینەوە لە فرۆشتنی بلیتی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 475‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

لە ژمارەیەک نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەر لە تەواوبوونی کاتی دەوامی بەیانیان و لە کاتژمێر 12:30 نیوەڕۆ بلیتی دەوامی ئێواران کە نرخەکەی گرانترە لە نرخی بەیانیان دەبڕدرێت، وەزیری تەندروستی کە لە ڕێگەی دواڕۆژەوە بەو بابەتەی زانی ڕایگەیاند: سەرپێچیکاران سزا دەدەین.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی لە بنکەکانی تەندروستی نرخی بلیت لە کاتی دەوامی بەیانیان بە 250 دینارە لە نەخۆشخانەکانیش وەک فریاکەوتن و فێرکارییەکان بە 500 دینارە.

هەر بەپێی بڕیاری وەزارەت لە کاتی دەوامی ئێواران نرخی بلیت لە بنکە تەندروستییەکان 2000 دینارە و لە نەخۆشخانەکانیش بەهەمان شێوە.

دەرباز نەوزاد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییە بە دواڕۆژی راگەیاند: کاتژمێر 12 و نیو بوو سەردانی نەخۆشخانەی عەلی کەمالم کرد کاتێک بلیتم بڕی، بە نرخی 2000 دینار پێیان دام کە نرخی ئێوارانە.

دەرباز، دەشڵێت: "هەر من نیم بەڵکو ئەوەندەی لەوێ وەستام هەر نەخۆشێک دەهات بەهەمان شێوەی من مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و بلیتی ئێوارانیان پێ دەدا بەنرخی ئێوارانیش".

چیمەن خەلیل کە بۆ پشکنینی گوێی سەردانی نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێری کردووە لە کاتژمێر 11 ی بەیانی، پێویستی بە ئیکۆی گوێ بووە، بەڵام کارمەندانی بەشەکە پێیانوتووە تەنیا بلیتی ئێواران هەیە کە گرانترە و دەتوانین بەوە کارەکەت بۆ بکەین.

چیمەن، دەشڵێت: "بلیتەکەم نەبڕی چونکە بەڕاستی فێڵکردنە لە خەڵک چاوەڕێی ئەو فێڵەم نەدەکرد، لەڕێگەی ئێوەوە داوا لە وەزیری تەندروستی دەکەم سەردانی نەخۆشخانەکان بکات تاوەکو لە نزیکەوە ئەو فێڵبازانە بناسێت".

دواڕۆژ بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی هۆکاری وەرگرتنی پارەی زیاتر لە هاووڵاتیان پەیوەندی بە بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی عەلی کەمال کرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: لەڕێگەی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو نەخۆشخانە و کارمەندانەش دەکەین کە سەرپێچییان کردووە.

وتیشی: "لە هەموو ئەو نەخۆشخانە و بنکانەی سنووری ئێمە بلیتی بەیانیان و ئێواران نرخیان جیایە، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین بلیتی ئێواران لە بەیانیان بفرۆشرێت".

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: دەوامی نەخۆشخانەکان 24 کاتژمێرە، بەیانیان تاوەکو کاتژمێر 3 بلیتی بەیانیان و دواتر بلیتی ئێواران دەفرۆشرێت، بۆیە ناکرێت هیچ نەخۆشێک لە شیفتی بەیانیان بلیتی ئێوارە بکڕێت، بۆیە سوپاستان دەکەم بۆ ئاگادار کردنەوەمان.

وتیشی: "لیژنەکانم ئاگادار کردووەتەوە کە بەدواداچوون بکەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانە سزا بدرێن کە سەرپێچییان کردووە".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure