ڤیدیۆ: نابیست و ناگفتە بەڵام 20 ساڵە لە زمانی ئامێرە لەكاركەوتووەكان تێدەگات

هەواڵ / ڤیدیۆ :: 23/01/2020‌ :: 358‌ جار بینراوە

تاگ :: ڤیدیۆ

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

مۆنتاژ: کیژان سەلام


عەلی فەتاح هەرچەندە هەر لە زگماكیەوە نابیست و ناگفتە و لە زمانی مرۆڤەكان تێناگات، بەڵام بەباشی لە زمانی ئامێرە لەكاركەوتووەكان تێدەگات و تەنیا بە سەیركردنێك و بەكارهێنانی چەند تەكنیكێكی سادە، لە كێشەكانیان تێدەگات و بەباشی چاكیان دەكاتەوە، ئەمەش وایكردووە ببێتە جێگەی ئومێدی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە كاتێك ئامێرە كارەباییەكانیان لە كاردەكەون بە بێ‌ دوودڵی دەیبەنە لای وەستا عەلی.

ئەو هەرچەندە بۆ خۆی توانای قسەكردنی نییە، بەڵام هاوڕێ‌ و دراوسێ‌ دوكانەكانی لە دواڕۆژەوە باس لە توانا سەیرەكانی ئەم وەستایە دەكەن بەجۆرێك، كاتێك كاتژمێرە لەكاركەوتووەكەت یان ئامێرە كارەباییە سووتاوەكەت دەبەیتە لای وەستا عەلی، بێ ئەوەی كێشەكەی بۆ روونبكەیتەوە، لێت وەردەگرێت و دەست بە چاككردنەوەی دەكات، نهێنی ئەم كارەی عەلی ئەو كاتە دەردەكەوێت كە ئامێرە لەكاركەوتووەكەت بە چاككراوی دەداتەوە دەست.

دووكانە تەنگەبەرەكەی وەستا عەلی، پڕیەتی لەو ئامێر و كاتژمێرە لەكاركەوتووانەی كە خەڵكی بۆ چاككردنەوە لەلای ئەو دایانناوە، ماوەی 20 ساڵە سەروكاری لەگەڵ ئامێر و كاتژمێرە لەكاركەوتووەكاندایە.

تەواوی كارەكەی وەستا عەلی لەسەر تاقیكردنەوەی دەنگی وەستاوە، بەڵام ئەو نە هیچ دەبیستێت و نە توانای قسەكردنیشی هەیە، نهێنی ئەم سەركەوتنەی لە كارەكەیدا، تەنیا لەلای خۆی هەیە و بە چەند تەكنیكێك فێربووە كە ڕادیۆ سووتاوەكان چۆن بخاتەوە ئیش.

ئەم وەستا نابیستە دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە و ماوەی 20 ساڵە خووی داوەتە چاككردنەوەی ئامێر و كاتژمێرە لەكاركەوتووەكان، بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەكەی لە رێی ئەم كارەوە پەیدا دەكات.

 

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure