كەشناسی كاتى كۆتاییهاتنى بەفرو بارانبارینی راگەیاند

هەواڵ / کوردستان :: 23/01/2020‌ :: 11947‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگەی هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشنایسی هەرێم رایدەگەیەنێت: ئەو شەپۆلی بەفرو بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە تا رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.


بژار ئەکرەم، بەرپرسی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بەدواڕۆژی راکەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كاتەكانی شەودا بارستە هەوایەكی ساردی سێبیری روو لەناوچەكانی هەرێم دەكات و كاریگەری ئەم بارستە هەوایە رۆژی هەینی کارا دەبێت و باران لە تەواوی ناوچەكان دەبارێت.

وتیشی "كاریگەری ئەو بارستە هەوایە دەبێتەهۆی ئەوەی شەپۆلێكی بەفربارین ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە".

باسی له‌وه‌شكرد "لە سەرجەم قەزاو ناحییەكان لە ناوچە شاخاوییەكان و سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە بەفربارین دەبێت و كاریگەری ئەم شەپۆلە تاكو رۆژی شەممە ٢٥ی كانوونی دووەم بەردەوام دەبێت و بەپێی پێشبینییەکانیش لە دوای شەممەوەو بەر لە کۆتایی ئەم مانگە شەپۆلێکی تری باران بارین روو لە هەرێم دەکاتەوە".

ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی سەرما و بەفرو بارانا هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوەو لە دواین ئاماری کەشناسی هەرێمیشدا  تا رۆژی سێشەممە ۲۱ی کانوونی دووەمی۲۰۲۰ کۆی گشتی ڕێژەی بارانبارین بەمجۆرە بووە (هەولێر ۱۳۷،٤ ملم، سلێمانی۳۰۷ ملم، دهۆک ۲٤٨،٥، کەرکوک ۱٤۲،٥ و هەڵەبجە۲۳۲،٤ ملم) باران باریوە.

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure